سۆران حەسەن-لۆزان ــ سویسرا:
کۆنفرانسێک بەناونیشانی «گەڕان بە دوای سەربەخۆییی کوردستان و ئاشتی لە ناوچەکەدا»، بە ڕێکخستنی ئینستیتیوتی کوردی لە لۆزان و بە هەماهەنگی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری لۆزانی سویسرا بەڕێوە چوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە نوێنەرانی دامەزراوە و ڕێکخراوە کوردییەکان، هەروەها کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمییەکان و نوێنەرانی ڕەوەندی کوردی لە سویسرا، ئەنجام درا.

بەشداربووانی کۆنفرانسەکە بریتی بوون لە، دکتۆر بابان ئەلیاسی ئەندامی یەدەکی کۆمیتەی بەڕێوەبەری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، جەعفەر ستیک سەرۆکی کۆمەڵەی پشتگیری، شاندی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سویسرا، کە پێکهاتبوون لە سەیران کەریم بەرپرسی فیدراسیۆن؛ لوقمان هەورامی بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی جنێف و نەرمین و سەعید ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی ناوەندی جنێف ئامادەی بوون.

لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا، شێخ موس ئۆزدەمیر سکرتێری ئینستیتیوتی کوردی لە لۆزان، پەیامی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و باسێکی سەبارەت بە ئامانج و ناوەرۆکی کۆنفرانسەکەی خستەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، ژمارەیەک لە پەیام و وتەکانی ڕێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی سەبارەت بە پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان و ڕۆژانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لە ڕێگەی شاشەوە پیشان دران. ئەم بەشە تیشکی خستە سەر مێژوو و ڕووداوەکانی پەیوەندیدار بە ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧.
دواتر دۆکیۆمێنتارییەک سەبارەت بە مێژووی کورد و خەباتی گەلی کوردستان پیشان درا، کە شڤان پەروەری هونەرمەندی ناسراوی کورد، تێیدا باسێکی لە مێژوو و خەباتی کورد کرد.

پانێڵی گفتوگۆ سەبارەت بە ڕیفراندۆم و داهاتووی پرسی کورد
یەکێک لە بەشە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە، پانێڵێکی گفتوگۆ بوو، کە سروە ئیبراهیمی لە پانێڵەکەدا چەندان بابەتی سیاسی، مێژوویی و یاساییی پەیوەندیدار بە پرسی کورد و کوردستان خرانە بەرباس و گفتوگۆ.
بەشێکی دیکەی پانێڵەکە بە بەشداری د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ نەجات زانیار سەرۆکی ئینستیتیوتی کوردی لە لۆزان و نازیلە ئەفخامی جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی کوردی لە لۆزان، بەڕێوە چوو.
لە تەوەرەکانی پانێڵەکەدا ئەم پرسانەخرانەڕوو:
• کوردستان لەناو جیهانی مۆدێرندا چ شوێن و ڕۆڵێکی هەیە؟
• ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان چیمان فێر دەکات؟
• ئاسۆکانی داهاتووی پرسی کورد و کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چین؟
د. سالار عوسمان لە بەشێک لە پێشکەشکردنەکەیدا باسێکی لە ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ و ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و ڕایگەیاند، کە ڕیفراندۆم بە بۆچوونی ئەو، پرۆسەیەکی مێژوویی بوو، کە پەیوەندیی بە مێژوو و دیموکراسییەوە هەبوو. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە کورد نابێت خۆی بە پلەی دوو بزانێت.
د. سالار عوسمان، لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وتی: «ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ و دەنگدەرانی سەربەخۆییخواز دەبێتە بەشێک لە مێژووی کوردستان و ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی لەو پرۆسەیەش بە شێوەیەکی دیار لە مێژووی ئەو قۆناغەدا تۆمار دەکرێت».
لە بەشی یاسایی و سیاسیی پانێڵەکەدا، نازیلە ئەفخامی، توێژینەوەیەکی سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چارەسەری سیاسیی پرسی کورد پێشکەش کرد.
هەروەها نەجات زانیار، لە توێژینەوەیەکی سەبارەت بە کورد و یاسای نێودەوڵەتی، باسی ئەوەی کرد، کە چۆن دەکرێت یاسای نێودەوڵەتی و پەیوەندییەکانیان بە پرسی کورد بە شێوەیەکی وردتر تێبگەین.
دواتر بەشداربووان گفتوگۆ و گەنگەشەیان لەسەر ئەم بابەتانە کرد.

جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی گەنجان، پەروەردە و کولتوور
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، نڤار مالەیی، باسی لە هەستی نیشتمانپەروەری لەناو گەنجانی کورد کرد و ئەم هەستەی بە یەکێک لە بنەماکانی بیرکردنەوە لە داهاتووی کوردستان دانا.
هەروەها تیشکی خستە سەر بارودۆخی ئێستای کورد و پێویستی هەنگاونان بەرەو داهاتوو، جەختی لە گرنگیی کۆبوونەوەی لایەنە جۆراوجۆرەکان لە دەوری ئەزموونی هەرێمی کوردستان کرد.
لە هەمان چوارچێوەدا، ئاسۆ پیرۆتی بابەتێکی سەبارەت بە پەروەردە و کولتوور و ڕۆڵی ئەوان لە بواری سیاسیی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەزموونی هەرێم دەتوانێت وەک چەترێکی کۆکەرەوە بۆ لایەنە جۆراوجۆرەکان سەیر بکرێت.
جێی باسە، کۆتایی کۆنفرانسەکە بە ئەنجامدانی چەندان گفتوگۆ و گەنگەشەی ئەکادیمی و سیاسیی دەربارەی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧، یاسای نێودەوڵەتی، ڕۆڵی کوردستان لە ناوچەکە و ئاسۆکانی داهاتووی پرسی کورد و کوردستان کۆتایی پێ هات.
نامەی فیدراسیۆنی سویسرا بۆ دامەزراوە سیاسییەکان
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە نۆیەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی-سویسرا نامەیەکی فەرمیی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە ژمارەیەک لە ناوەندە سیاسییەکان و ئەندامانی پەرلەمانی سویسرا گەیاند.
لەو نامەیەدا، باس لە ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ و گرنگیی ئەو ڕووداوە لە مێژووی هاوچەرخی کوردستان کراوە، هەروەها سەرنج خراوەتە سەر پرسی کورد و دۆخی سیاسیی ناوچەکە.

