فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی چارەنووسی یاسایی پەنابەرانی سووریا، بەتایبەتی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە نوێیەکانی پەنابەری لە هۆڵەندا و یەکێتیی ئەورووپا، ڕۆژی شەممە 24ی ئۆکتۆبەری 2026 لە شاری ڕۆتەردام کۆڕێکی زانیاری و ڕاوێژکاری ساز دەکات.
کۆڕەکە بە ناونیشانی سووریا، پەنابەری و گەڕانەوە، لە کاتژمێر 13:00 تا 17:00ی ئێوارە لە ناونیشانی Van der Sluysstraat 176, 3033 SR لە شاری ڕۆتەردام بەڕێوەدەچێت، ئامانجی سەرەکیی کۆڕەکە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیار و نیگەرانییە یاساییانەیە کە لەبارەی ڕێکارە نوێیەکان لەسەر ژیان و مانەوەی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە هۆڵەندا دروست بووە.
لە میانەی کۆڕەکەدا، چەند تەوەرێکی گرنگ لەلایەن شارەزایان و پسپۆڕانی یاساییەوە دەخرێنە بەرباس، لەوانە: هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای گەڕانەوە بۆ سووریا، دوایین گۆڕانکارییەکان لە سیاسەتی پەنابەریی دەوڵەتی هۆڵەندا، بڕیار و ڕێسا نوێیەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی کۆچ و پەنابەری، لەگەڵ لێکەوتە ڕاستەوخۆکانی ئەم بڕیارانە لەسەر مافی مانەوە و پرۆسەی داواکاریی پەنابەری.
ڕێکخەرانی کۆڕەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە بەشێکی بەرنامەکەدا دەرفەتی تەواو بە ئامادەبووان دەدرێت بۆ ئاراستەکردنی پرسیارەکانیان و وەرگرتنی وەڵام و ڕاوێژی کرداری لە پسپۆڕان بەپێی کەیسی تایبەتیی خۆیان، هاوکات کۆبوونەوەکە دەبێتە دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان ڕەوەندی کوردی لە هۆڵەندا.
ئەم دەستپێشخەرییە لە کاتێکدایە کە لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا و بە تایبەت لە ناوخۆی هۆڵەندا، گۆڕانکاری بەرچاو لە سیاسەتەکانی پەنابەریدا هاتووەتە کایەوە و دەسەڵاتداران بەدوای میکانیزمی توندتردا دەگەڕێن بۆ سنووردارکردنی کۆچ، هاوکات گەرمبوونی باس و خواسی دیاریکردنی ناوچەی ئارام لە سووریا و ئەگەری ناچارکردنی پەنابەران بە گەڕانەوە، دڵەڕاوکێیەکی قووڵی لەلای پەنابەرانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان دروستکردووە کە بەهۆی نائارامی و پێشێلکارییەکانەوە وڵاتەکەیان جێهێشتووە، لەم ڕوانگەیەوە، ئەم جۆرە کۆڕانە وەک هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێن بۆ ئاشناکردنی پەنابەران بە مافە یاساییەکانیان و شێوازی پاراستنی مافی مانەوەیان لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتی و خۆجێییەکاندا.

