KDC

لە ئەمستردام فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دیدار و ئێوارەخوانێکی تایبەت بۆ ژنانی کورد ساز دەکات

بە مەبەستی پتەوکردنی گیانی دۆستایەتی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئافرەتان و فیدراسیۆن، بڕیارە ڕۆژی 11ی ئۆکتۆبەر لە شاری ئەمستردام، فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا دیدارێکی تایبەت بە ناونیشانی دیداری ژنانی کورد و ئێوارەخوانێکی کۆکەرەوە بۆ سەرجەم خوشکانی کوردی نیشتەجێی ئەو شارە ساز بکات.

بەپێی بانگهێشتنامەی فەرمیی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا، سەرجەم ژنانی کوردی نیشتەجێی ئەمستردام بانگهێشت کراون بۆ بەشداریکردن لە ئێوارەخوانێکی شاد و کەشێکی گەرم و دۆستانە، بە مەبەستی کۆبوونەوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و چەسپاندنی تەبایی لە نێوان ڕەوەندی کوردیدا.

ڕێکخەرانی چالاکییەکە جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەم کۆبوونەوەیە لە ئێوارەخوانێکی سادە زیاترە و ئامانج لێی دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەوی بەردەوامە لە نێوان ژنانی کورد و فیدراسیۆندا، تاوەکو فیدراسیۆنەکە هەمیشە وەک ماڵێکی هاوبەش و پاڵپشتێکی ڕاستەقینە بۆ تواناکانیان بمێنێتەوە، هاوکات ئامادەبوونی خانمانی کورد لەم دیدارەدا وەک هێمایەکی زیندووی یەکڕیزی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی سەیر دەکرێت، چونکە کۆمەڵگەی کوردی لە دیاسپۆرا کاتێک دەتوانێت بە ڕاستی گەشە بکات و خاوەن دەنگ بێت کە ئافرەتان تیایدا بەهێز و پێشەنگ بن.

ئافرەتانی کورد لە مێژوودا هەمیشە بڕبڕەی پشتی پاراستنی زمان، فەرهەنگ و خۆڕاگری بوون و لە دەرەوەی وڵاتیش بەردەوامن لە گەیاندنی ئەو پەیامە و گواستنەوەی کلتوور بۆ نەوەکانی دوای خۆیان، لە ئێستادا و لە دووری هەزاران کیلۆمەتر لە نیشتمانەوە،کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە وڵاتانی ئەوروپا هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە تا لە ڕێگەی چالاکیی کۆمەڵایەتی و کلتووریی لەم شێوەیە، پەیوەندیی نێوان هاونیشتمانییان بەهێز بکەن و هاوشانی تێکەڵبوونیان لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا، ناسنامەی نەتەوەییان بە زیندوویی بهێڵنەوە.

 

___

میسی هەنگاو بەرەو کارێکی نوێ دەنێت

Harmn

کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک پەیامێک بڵاودەکاتەوە

Harmn

بەرپرسی دیسکی ڕەوەندی کوردستانی و شاندی یاوەری لەگەڵ هۆشیار سیوەیلی کۆبوونەوە

Harmn