لە شاری لاهای لە هۆڵەندا، کۆنفرانسێکی تایبەت بە یەکخستنی تواناکانی دیاسپۆرا و کاریگەریی سیاسیی کورد بەڕێوەچوو، کە تێیدا بڕیاری پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەشی لۆبیکردن درا و جەخت لە پاراستنی سەقامگیری، پەرەپێدانی تەبایی نەتەوەیی و بەشداریی کارای سیاسی لە وڵاتانی خانەخوێدا کرایەوە.
کۆنفرانسەکە لەلایەن پلاتفۆرمی کوردی بۆ کاری هاوبەش بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ڕێکخرابوو. دوای دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە لەلایەن وڵات مزووری و پێشکەشکردنی وتەی بەخێرهاتن لەلایەن سەرۆکی پلاتفۆرم، عەلی هەرۆری، وتاری سەرەکیی لایەنە بەشداربووەکان پێشکەش کران.
لە وتاری شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی کە لەلایەن نوێنەرەکەیەوە بەڕێز قەهرەمان عوسمان خوێندرایەوە، جەخت لە پێویستیی یەکدەنگیی کورد بەبێ جیاوازیی حزبی و ناوچەیی کرایەوە، نوێنەری سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی ئاماژەی بە دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلی کوردستان لە سایەی یەکڕیزیدا کرد و داوای کرد دیاسپۆرا وەک هێزێکی شارستانی، دیپلۆماسی و ئاشتیخواز لە ئەورووپادا دەربکەوێت، هەروەها هەڵوێستی دژی هەر کردەوەیەکی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕی لە ئەورووپا خستەڕوو و جەختی لە ئاوێتەبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی خانەخوێ، ڕێزگرتن لە یاساکان و پاراستنی زمان و کولتووری کوردی کردەوە.
هاوکات پەیامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەلایەن دکتۆر شوکری بەرواری پێشکەش کرا، کە تێیدا داوای کرد کوردستانییانی هۆڵەندا ببنە ئەکتەری کارا لە کایەی گشتیدا، هەروەها پشتیوانی لەو بەربژێرانە بکرێت کە لە هەڵبژاردنەکاندا کێبڕکێ دەکەن، بەبێ گوێدانە ئینتیمای حزبییان، تا ببنە پردی پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر میکانیزمەکانی لۆبیکردن بەڕێوەچوو کە لەلایەن عەلی هەرۆری بەڕێوەچوو، کە لە ئەنجامدا ڕێکارەکانی پێکهێنانی کۆمیتەیەکی تایبەت بە لۆبیکردن لە هۆڵەندا دەستنیشان کران و بەیاننامەی کۆتایی پەسەند کرا.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ساڵی 2021 بە سەرپەرشتیی سەرۆک مەسعوود بارزانی دامەزراوە، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی وزەی دیاسپۆرا لەژێر یەک چەتری نیشتمانیدا، سازدانی ئەم کۆنفرانسە لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ گۆڕینی پەنابەر و دیاسپۆرای کوردی بۆ هێزێکی لۆبیستیی مۆدێرن و یاسایی لە ئەورووپا، کە بتوانێت لە ڕێگەی ئامرازە دیموکراسییەکانەوە بەرگری لە مافەکانی گەلەکەی بکات.
کارزان حەیدەر
https://www.facebook.com/karzan.haedar.7





