لە دەستکەوتێکی مێژووییدا بۆ ژنانی کورد لە تاراوگە، غەزالە گیرای ئۆنگۆرۆر، نوێنەری فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، ڕۆژی پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2026 لە شاری هێلسینکی، بە زۆرینەی دەنگ وەک ئەندامی دەستەی ڕێبەریی یەکێتیی ناوەندیی ڕێکخراوەکانی ژنانی فینلەند هەڵبژێردرا.
ئەم هەڵبژاردنە لە میانی کۆنگرەی ساڵانە و ئاهەنگی 115 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ناوەندیی ڕێکخراوەکانی ژنانی فینلەند بەڕێوەچوو، کە تێیدا 73 ڕێکخراو و فیدراسیۆنی ژنان لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە بەشدار بوون, فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بە شاندێک بە سەرۆکایەتیی شیرین زەکی، سەرۆکی فیدراسیۆنەکە و بە یاوەریی میدیا، بەرپرسی کۆمیتەی فینلەند و غەزالە گیرای ئۆنگۆرۆر، وەک ئەندامێکی فەرمی و خاوەن مافی دەنگدان لە کۆنگرەکەدا ئامادە بوو، کە لە ئەنجامدا نوێنەرەکەیان بۆ خولی سێ ساڵەی 2027 تا 2029 متمانەی زۆرینەی دەنگدەرانی بەدەستهێنا.
هەر لە کۆنگرەکەدا ڕیتڤا ڤیلیانێن وەک سەرۆکی نوێی یەکێتییەکە هەڵبژێردرا، هاوشانی نوێنەرەکەی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، هەریەک لە مێرڤی مێکی نێستە لە ڕێکخراوی، ئێلینا پۆکی لە ڕێکخراوی Kuurojen Liitto ry و سالا ڕۆنی پۆرانێن لە ڕێکخراوی Soroptimist International Finland ry وەک ئەندامانی نوێی دەستەی ڕێبەری دەستنیشان کران و بڕیارە دەستەی نوێ لە 1ی کانوونی دووەمی 2027 بە فەرمی دەستبەکار ببن.
لای خۆیەوە فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی وێڕای پیرۆزبایی لە غەزالە گیرای ئۆنگۆرۆر، سەرۆکی نوێ و تەواوی ئەندامانی دەستەی ڕێبەری، سوپاسی متمانەی ڕێکخراوە بەشداربووەکانی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم سەرکەوتنە دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ تەواوی ژنانی کورد لە فینلەند و دیاسپۆرا، تاوەکو لە قۆناغی داهاتوودا دەنگی ژنی کورد لە ناوەندە باڵاکانی بڕیارداندا بەهێزتر ببیسترێت.




