KDC

لارا دزەیی بە دیزاینی تیشکی خۆر شوناسی کوردی بە جیهان دەناسێنێت

 لە 79ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، کە یەکێکە لە گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین سەکۆکانی هونەر و مۆدە لە جیهاندا، لارا دزەیی، دیزاینەری ناسراوی کورد، بە تێکەڵەیەک لە کولتووری رەسەن و مۆدەی سەردەم، درەوشایەوە و سەرنجی میدیا جیهانییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە رۆژی هەینی بەڕێوەچوو، ئەم دیزاینەرە کوردە یەکێک لە شاکارە هونەرییەکانی خۆی پۆشیبوو کە ناوی لێناوە تیشکی خۆ، پۆشاکەکە گوزارشتێکی باڵایە لە یەکگرتنی ستایلی مۆدێرنی پێشکەوتوو (کۆتۆر) لەگەڵ رەسەنایەتیی جلوبەرگی کوردی. سەرچاوەی ئیلهامی ئەم داهێنانە، وەک لارا ئاماژەی پێ دەکات، راستەوخۆ لە خۆرەکەی ناو ئاڵای کوردستانەوە وەرگیراوە کە سیمبولێکە بۆ رووناکی، هێز و ئەو نیشتمانەی کە رەگ و ریشەی ئەم دیزاینەرەی لێوە هەڵقوڵاوە.

بەشداریکردنی لارا دزەیی لەم فێستیڤاڵە جیهانییەدا دوای ئەو دەنگدانەوە و سەرکەوتنە گەورەیەی کە نمایشەکانی پێشووی لە پایتەختەکانی مۆدەی وەک پاریس و میلان بەدەستیان هێنا، سەرنجی رێکخەرانی فێستیڤاڵی کانی بەلای خۆیدا راکێشا، فێستیڤاڵەکە کە ئێستا تەنیا سەکۆیەک نییە بۆ ئەستێرەکانی سینەما، بەڵکو ساڵانە میوانداریی هەڵبژاردەیەک لە دیارترین کەسایەتییەکانی بواری مۆدە، هونەر و دیزاین دەکات، ئەمساڵ دەرگای بۆ داهێنانێکی کوردی واڵا کرد.

پەیامی سەرەکیی ئەم دیزاینەرە لەم بەشدارییەدا، تەنیا دەرخستنی تواناکانی خۆی نییە، بەڵکو ئامانجێکی نەتەوەیی و کولتووریی لە پشتە، ئەو پێی وایە پۆشینی جلی کوردی لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵێکی ئاستبەرزی وەک کان، سەلماندنی بوون و نیشاندانی شوناسێکی دەوڵەمەندە بە هەموو جیهان.

لە روانگەی لارا دزەیییەوە، کاتی ئەوە هاتووە جلوبەرگی کوردی سنوورە لۆکاڵییەکان ببڕێت، ئەو دیدگایەکی نوێگەرانەی هەیە و پێداگری لەوە دەکات کە نابێت پۆشاکی کوردی تەنیا لە چوارچێوەی فۆلکلۆریدا قەتیس بێت، بەڵکو بە بڕوای ئەو، دەکرێت بە شێوازێکی زۆر مۆدێرن و گونجاو لەگەڵ سەردەمدا دیزاین بکرێت، تا بتوانێت لە گەورەترین ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا کێبڕکێ بکات و ببێتە جێگەی سەرسامیی جیهان لەسەر فەرشە سوورەکان.

کارزان حەیدەر

[email protected]

___

عومان مەترسی زریان هەیە

KDC

پەیامی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان

Harmn

پەنابەره‌ عێراقییه‌كان لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس-پۆڵەندا بوونەتە قوربانیی ململانێی سیاسیی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و بێلاڕووس

KDC