KDC

ئێزدییەکانی تاراوگە بۆ ژیاندنەوەی گوندەکانیان دەگەڕێنەوە باکووری کوردستان

دوای چوار دەیە لە دووری و ژیانی تاراوگە، تریسکەیەکی نوێی ئومێد بۆ ئێزدییەکانی باکووری کوردستان پەیدا بووە تا بگەڕێنەوە سەر خاکی باوباپیرانیان، نوێنەرانی کۆمەڵگەی ئێزدی لە وڵاتی ئەڵمانیا، دەستپێشخەرییەکی بێوێنەیان دەستپێکردووە و لە رێگەی زنجیرەیەک دانوستانی چڕەوە لەگەڵ حکومەتی تورکیا، هەوڵی گەڕانەوە بۆ گوندە چۆڵکراوەکانیان و سەندنەوەی ئەو ماف و زەوییانە دەدەن کە ساڵانێکی زۆرە لێیان زەوت کراوە.

لێکەوتەکانی کۆچپێکردنی زۆرەملێی دەیەکانی رابردوو، بۆشاییەکی گەورەی دیمۆگرافیی لە ناوچە ئێزدییەکانی باکووری کوردستان دروستکردووە، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان و ئەو بەدواداچوونانەی نوێنەرانی ماڵی ئێزدییان لە ئەڵمانیا کردوویانە، لە ئێستادا کەمتر لە 600 هاووڵاتیی ئێزدی لە تەواوی تورکیا و باکووری کوردستان ماونەتەوە، بەشێکی زۆری گوندەکانیشیان خاپوور بوون یان لەلایەن کەسانی دیکەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، سەرەڕای ئەم تابلۆ خەمگینە، پڕۆژەیەکی نوێی ئاوەدانکردنەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئامانج لێی گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانەیە کە سەردەمانێک نەک بە ویستی خۆیان، بەڵکو ناچار بە جێهێشتنی وڵات کرابوون.

بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، نوێنەرانی ئێزدی لە ماوەی رابردوودا لە شارەکانی هانۆڤەر، بەرلین و ئەنقەرە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا کۆبوونەتەوە، لەم دانوستانانەدا، پاکێجێک لە حەوت داواکاریی ستراتیژی پێشکەش بە حکومەت کراوە، لە لوتکەی داواکارییەکاندا، ناساندنی فەرمیی ناسنامەی ئێزدییە لە تورکیادا، هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دەبێت ئەو زەوی و موڵکانەی بەزۆر داگیرکراون بەبێ هیچ مەرجێک رادەستی خاوەنە رەسەنەکانیان بکرێنەوە، هاوکات، دابینکردنی ژێرخانی خزمەتگوزاری وەک رێگاوبان، تۆڕەکانی کارەبا و ئینتەرنێت بۆ گوندەکان، لەگەڵ پاراستنی شوێنە پیرۆز و گۆڕستانەکان، بەشێکی دیکەن لە مەرجەکانی گەڕانەوە، نوێنەرانی ئێزدی سوورن لەسەر ئەوەی کە ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە گەرەنتیی یاسایی و هەنگاوی کرداریی خێرا هەیە، نەک تەنیا بەڵێنی سەر کاغەز.

لە رووی رێکخستنی ناوخۆیی و کارگێڕییەوە، پلانێکی تۆکمە داڕێژراوە بۆ ئیدارەدانی ئەو پێنج پارێزگایەی کە مێژوویەکی دێرینی ئێزدییەکانیان تێدایە، ئەوانیش شارەکانی شەرناخ، مێردین، ئورفا، ئامەد و باتمانن، بڕیارە لە هەر یەکێک لەم ناوچانەدا ئەنجوومەنێکی خۆجێیی دابمەزرێت تاوەکو ببێتە دەنگی راستەقینەی گوندنشینان و کێشەکانیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بگەیەنێت، ئەم هەنگاوە نەتەوەییە لەلایەن نزیکەی 200 کەسایەتیی دیاری تاراوگەوە پشتیوانی دەکرێت، کە پێکهاتوون لە پڕۆفیسۆر، پارێزەر، پیاوانی ئایینی و سەرمایەدار، کە هەموویان دوای چەندین ساڵ هێشتا رۆح و دڵیان بە خاکەکەیانەوە گرێ دراوە و دەرگاشیان واڵا کردووە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت هاوکار بێت لەم هەڵمەتی ژیانەوەیەدا.
چۆڵبوونی گوندە ئێزدیینشینەکانی باکووری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخە ئاڵۆز و نالەبارەکانی ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، بەهۆی ململانێ چەکدارییەکان، سیاسەتی چۆڵکردنی گوندەکان و فشاری بەردەوامی ئاسایش و سەربازی لەو سەردەمەدا، هەزاران خێزانی ئێزدی رووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون و توانەوە بوونەوە، ئەم دۆخە سەختە وای لێکردن دەستبەرداری ژیانی کشتوکاڵی و زێدی هەزاران ساڵەی خۆیان ببن و رێگەی پڕ مەترسیی کۆچ بگرنەبەر بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی ئەڵمانیا. ئەمڕۆ، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 40 ساڵ بەسەر ئەو کۆچە بەکۆمەڵەدا، نەوەکانیان کە ئێستا لە ئەوروپا خاوەنی پێگەی زانستی و ئابوورین، دەیانەوێت مێژوو پێچەوانە بکەنەوە و جارێکی دیکە رەگەکانیان لەناو خاکی باکووری کوردستاندا دابکوتنەوە.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

___

قوباد تاڵه‌بانی: بایۆمه‌تری كێشه‌ی بن دیوار و دوو مووچه‌یی چاره‌سه‌ر ده‌كات

KDC

سوید.. لە ٨٢ ٪ ئەوانەی دەمرن تەرمەکانیان دەسووتێندرێن

KDC

نوێنەری کۆنفدراسیۆن و سیناتۆرێکی فەرەنسی کۆبونەوە

Harmn