لە یەکێک لە گەورەترین ڕووداوە وەرزشییەکانی ساڵدا، نامۆ فازڵی پاڵەوانی کوردی هونەرە جەنگییە تێکەڵەکان MMA، توانی لە شاری لۆس ئانجلەسی ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت.
ئەم یارییە مێژووییە کە لە هۆڵی ئینتویت دۆم بەڕێوەچوو، گرنگیی جیهانی هەبوو، چونکە یەکەم چالاکیی وەرزشی بوو کە پلاتفۆرمی نێتفلێکس بە شێوەی ڕاستەوخۆ گواستییەوە.
نامۆ فازڵ لە نێو قەفەسی یارییەکەدا ڕووبەڕووی جەیک بابیانی ئەمریکی بووەوە، سەرەڕای ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا بابیان بە فشارێکی زۆر و لێدانی بەهێز دەستی پێکرد، بەڵام پاڵەوانە کوردەکە توانی بە پاراستنی هاوسەنگی و بەکارهێنانی تاکتیکی بەرگری، گەڕی یەکەم تێپەڕێنێت. گۆڕانکاریی یارییەکە لە گەڕی دووەمدا بوو، کاتێک لە چرکەی 58 دا نامۆ فازڵ بە تەکنیکێکی ئاستبەرز بە ناوی ئەناکۆندا چۆک، ملی ڕکابەرە ئەمریکییەکەی گرت و ناچاری کرد خۆی بەدەستەوە بدات.
ئەم سەرکەوتنە مێژووییە، نامۆ فازڵی لە جیهانی MMA بەهێزتر کرد و کۆی سەرکەوتنەکانی گەیاندە 10 یاری، لە بەرانبەر تەنیا 1 شکست، ئەم ئەنجامە دەرگای بۆ ئەم پاڵەوانە کوردە واڵا کرد تا لە داهاتوویەکی نزیکدا بچێتە نێو ڕیزبەندی پێشەوەی یارییەکانی UFC کە بەرزترین ئاستی ئەم وەرزشەیە لە جیهاندا.
لە دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە، نامۆ فازڵ ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دیکە لە هەر شوێن و کاتێکدا دەربڕی، سەبارەت بەو تێنەگەیشتنەی لەگەڵ ئارمان تسارۆکیانی پاڵەوانی ئەرمەنی دروست ببوو، نامۆ ڕایگەیاند: کێشەکە کۆتایی هاتووە، ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە هەردووکیان لە یەک یانە مەشق دەکەن و دوای ئەوەی تسارۆکیان داوای لێبوردنی لە گەلی کورد کردووە، بابەتەکە لای ئەو داخراوە و جەختی لەسەر برایەتی نێوان کورد و ئەرمەنی کردەوە، بەڵام دووپاتی کردەوە کە بەرگری لە شکۆی گەلەکەی بۆ ئەو لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.
نامۆ فازڵ یەکێکە لە دیارترین پاڵەوانەکانی کورد کە لە ئەمریکا نیشتەجێیە و لە یانەی بەناوبانگی ATT مەشق دەکات، سەرکەوتنی ئەمجارەی لەسەر پلاتفۆرمی نێتفلێکس، وەک وەرچەرخانێکی مێدیایی و وەرزشی بۆ گەیشتن بە لوتکەی جیهانی دادەنرێت، بەتایبەت کە لە نێو هۆڵەکەدا و لە کاتی پەخشی ڕاستەوخۆدا ناوی کوردستان بە دەنگی بەرز لەلایەن بێژەر و هاندەرانەوە دەبیسترا.
