حکومەتی ئەڵمانیا هەڵمەتەکانی ناردنەوەی زۆرەملێی پەناخوازانی عێراق و هەرێمی کوردستانی چڕتر کردووەتەوە و بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا کاروانێکی دیکە دیپۆرتی بەغدا بکرێنەوە، ئەمەش راستەوخۆ دوای ئەوە دێت کە دەیان کەسی دیکە لە ماوەی رابردوویەکی زۆر نزیکدا دیپۆرتکرانەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پلاتفۆرمی دیپۆرت ئالارم، بڕیارە لە رۆژی 15ی حوزەیراندا گروپێکی نوێ لە پەناخوازانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق لەڕێگەی گەشتێکی ئاسمانییەوە لە فڕۆکەخانەی فرانکفۆرتەوە رەوانەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بکرێنەوە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لەو پلانەی حکومەتی ئەڵمانیا کە ئامانج لێی خێراترکردن و ئاسانکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەناخوازانەیە کە کەیسەکانیان رەتکراوەتەوە و مافی مانەوەیان لەو وڵاتەدا پێنەدراوە.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم هەڵمەتە نوێیە بەدوای گەشتێکی دیکەی هاوشێوەدا دێت کە تەنیا دوو رۆژ پێشتر ئەنجامدراوە و تێیدا 50 پەناخواز لە شاری هانۆڤەرەوە بە زۆرەملێ دیپۆرتی فڕۆکەخانەی بەغدا کرانەوە، ئەم پێشهاتانە بە روونی دەریدەخەن کە دەسەڵاتدارانی بەرلین رێکارەکانیان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دیپۆرتکردنەوە بەشێوەیەکی بەرچاو توندتر کردووە.
لە چەند مانگی رابردوودا حکومەتی ئەڵمانیا یاسا و رێکارەکانی پەنابەریی توندتر کردووە و لەگەڵ حکومەتی عێراقیشدا گەیشتووەتە لێکتێگەیشتن و هەماهەنگیی زیاتر بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەکانی، بەهۆی ئەم لێکنزیکبوونەوەیەوە، رێگرییەکانی بەردەم پرۆسەی ناردنەوەی زۆرەملێی ئەو پەناخوازانەی مامەڵەکانیان رەتکراوەتەوە کەمبوونەتەوە و گەشتەکانی دیپۆرتکردنەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
