KDC

پاش 10 ساڵ بێدەنگی هۆزان ئایهان بە ستایلێکی نوێی هونەرییەوە دەگەڕێتەوە

هونەرمەند و پارێزەر هۆزان ئایهان، پاش 10 ساڵ دوورکەوتنەوە لە گۆڕەپانی هونەری، بەرهەمێکی نوێی جیاواز بڵاودەکاتەوە، هۆکاری سەرەکیی بێدەنگییەکەی لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ سەرقاڵبوونی بە کاری پارێزەری و هاوکاریکردنی کۆچبەران لە وڵاتی ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە، لە ئێستاشدا بە مەبەستی وێنەگرتنی کلیپێکی نوێ و کارکردن لەسەر پڕۆژە هونەرییەکانی، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

گەڕانەوەی ئەمجارەی ئەو هونەرمەندە بە بەرهەمێکە بە ناوی (حەز دەکەم)، کە تێیدا ستایلێکی تەواو نوێی بەکارهێناوە، بەرهەمەکە مۆرکێکی دەریای ناوەڕاست، ئیسپانی و فلامینکۆی پێوەیە و زیاتر پشت بە ئامێری گیتار دەبەستێت، بەبێ بەکارهێنانی ئامێرە میللییە کوردییەکان، ئامانج لەم گۆڕانکارییەش بەزاندنی سنوورەکان و گەیاندنی موزیکی کوردییە بە گوێگرانی وڵاتانی دیکەی وەک تورکیا و ئێران.

هاوکات، ئەو هونەرمەندە درک بە گۆڕانکارییە خێراکانی سەردەمی سۆشیاڵ میدیا دەکات و پێیوایە سیستەمی گوێگرتن بە تەواوی گۆڕاوە، بە جۆرێک گۆرانییەکان لە 5 خولەکەوە کورت بوونەتەوە بۆ دوو خولەک، ئەمەش وایکردووە بەرهەمە نوێیەکەی لەگەڵ ئەم سەردەمەدا بگونجێنێت و واز لە ستایلە کۆنەکان بهێنێت کە لە ئێستادا تەنانەت لە ڕێگەی ژیریی دەستکردیشەوە بەرهەم دەهێندرێن.

لە چوارچێوەی گەڕانەوەیدا بۆ نێو کاری هونەری، هۆزان ئایهان پڕۆژەی بڵاوکردنەوەی دوو گۆرانی دیکەی لە بەرنامەدادایە، هەر بۆ ئەم مەبەستەش و بۆ ئەنجامدانی چەند کارێکی ڕێکلامی و وێنەگرتنی ڤیدیۆ کلیپێک، سەردانی شارەکانی هەولێر و دهۆک دەکات.

لە پاڵ کاری هونەریدا، هۆزان ئایهان وەک پارێزەرێکی یاسایی لە ئەڵمانیا کار دەکات و شارەزاییەکی باشی لە کەیسی کۆچبەراندا هەیە، هۆکاری سەرەکیی دوورکەوتنەوەشی لە هونەر لە ساڵی 2014 بەدواوە، پەیوەندی بە شەپۆلی گەورەی کۆچبەرانەوە هەبوو، کە وایکرد کاتی تەواوی خۆی تەرخان بکات بۆ ڕێنماییکردن و گرتنەئەستۆی کەیسی پەنابەرانی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە دامودەزگا و باڵیۆزخانەکانی ئەڵمانیا لە وڵاتانی جیاواز.

لە شیکردنەوەیەکی یاساییدا بۆ ڕەوشی ئێستای کۆچبەران، ئەو پارێزەرە تیشک دەخاتە سەر ئاستەنگییەکانی بەردەم یەکگرتنەوەی خێزانەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێستادا ئەڵمانیا پێدانی مافی پەنابەریی هەمیشەیی (مافی سیاسی) قورس کردووە و زیاتر مافی مانەوەی کاتیی یەک بۆ دوو ساڵ دەدات کە بە پاراستنی لاوەکی ناسراوە، ئەم جۆرە مانەوەیەش بەپێی یاسا نوێیەکان ڕێگە بە یەکگرتنەوەی خێزانەکان نادات، هاوکات، سیستەمی وەرگرتن و مامەڵەی فەرمانگەکانی ئەڵمانیا زۆر خاو بووەتەوە و پەنابەران دەبێت ماوەیەکی زۆر و نادیار چاوەڕێی وەرگرتنی کاتی چاوپێکەوتن بکەن، سەرەڕای ئەوەی کە بەرپرسانی سیاسیی ئەو وڵاتە لەسەر شاشەکان هەوڵ دەدەن دۆخەکە بە ئارام پیشان بدەن.

هۆزان ئایهان یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە لە سەرەتای ساڵانی 2000ەکاندا دەرکەوت و توانی بە خێرایی جێگەی خۆی لە دڵی گەنجان و بیسەرانی موزیکی کوردیدا بکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی دایکی ئەڵمانییە و لە ژینگەیەکی ئەوروپیدا لەدایکبووە و گەورە بووە، بەڵام توانایەکی یەکجار بەرزی هەیە لە قسەکردن بە زمانی کوردییەکی پەتی و بێگەرد، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆشیارییە خێزانییەی کە تێیدا پەروەردە بووە، کە ڕێگەی نەداوە زمانی دایکی زاڵ بێت بەسەر زمانی باوکیدا و شوناسی نەتەوەیی خۆی بە باشی پاراستووە، تێکەڵکردنی پیشەی قورسی پارێزەری و هەستی ناسکی هونەری، کەسایەتییەکی فرەڕەهەند و سەرکەوتووی بەخشییەوە بەم هونەرمەندە لە دەرەوەی وڵات.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

___

بۆ ئەمساڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دابەزینی ئابوری جیهان دەکات

Harmn

میدیاکانی بەریتانیا : پۆتین دەیەوێت ئۆکرانیا لە دەریای ڕەش جیابکاتەوە

Harmn

دوو کورد دەبنە ئەندامی پەرلەمانی نەرویج

KDC