KDC

داهێنانێکی نوێی زانایەکی کورد پشکنینی ماددە ژەهراوییەکانی جلوبەرگ خێراتر و هەرزانتر دەکات

ئاوات عەلی، زانای کوردی دانیشتووی سوێد، ڕێگەیەکی نوێی زانستیی بۆ پشکنینی ماددە ژەهراوی و مەترسیدارەکانی ناو جلوبەرگ داهێنا، کە پرۆسەی پشکنینەکە لە 10 کاتژمێرەوە بۆ تەنها 30 چرکە کورت دەکاتەوە و تێچووەکەشی یەکجار کەمترە، داهێنانەکە لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە ژینگەناسی و کیمیادا لە شاری ماستریختی هۆڵەندا نمایش کرا و بووەتە جێگەی سەرنجی ناوەندە زانستییەکان و میدیاکانی سوێد.

ئەم داهێنانە نوێیە ئامێرێکە کە بەبێ بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی توێنەری زیانبەخش و بەبێ بوونی هیچ پێکهاتەیەکی پلاستیکی (تەنها لە شووشە و ئاسن دروستکراوە)، دەتوانێت بە خێرایی بوونی ماددە مەترسیدارەکانی وەک مایکرۆپلاستیک و ماددە کیمیاییە هەمیشەییەکان (PFAS) لە جلوبەرگدا ئاشکرا بکات، تێچووی ئەم پشکنینە نوێیە بۆ هەر پارچەیەک تەنها 50 سەنتە، لە کاتێکدا ڕێگا کۆنەکان تێچوویان لە نێوان 20 بۆ 25 دۆلار بوو و پێویستیان بە 10 کاتژمێر کارکردنی تاقیگە هەبوو.

لە چوارچێوەی توێژینەوەیەکدا کە بەم ئامێرە نوێیە ئەنجامدراوە، 60 پارچە جلوبەرگ لە بازاڕەکانی سوێد پشکنینیان بۆ کراوە، ئەنجامەکان جێگەی سەرسوڕمان بوون، چونکە دەریانخستووە کە جلوبەرگە ڕەنگ تۆخەکان (وەک ڕەش، قاوەیی و ڕەساسی)، بەتایبەت ئەوانەی لە پۆلیستەر و پۆلیستەری دووبارە بەکارهاتوو (وەک جلی وەرزشی) دروستکراون، زۆرترین بڕی ماددەی ژەهراوییان تێدایە، لە پشکنینی چەند پارچە جلێکی وەرزشیدا، ماددەی شێرپەنجەیی بە بڕی 10 هێندەی ڕێژەی ڕێگەپێدراو دۆزراوەتەوە کە مەترسیی گەورە لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکەن و هۆکارن بۆ نەخۆشییەکانی جگەر، گورچیلە و تێکچوونی هۆرمۆنەکان.

ئاوات عەلی دەرچووی بەشی کیمیایە لە زانکۆی سلێمانی بۆ ساڵی 2008، پاش چەند ساڵێک کارکردن وەک ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2018 ڕووی لە وڵاتی سوێد کردووە و لەوێ دەستی بە خوێندنی ماستەر و پاشان دکتۆرا لە بواری کیمیادا کردووەتەوە، لە ئێستادا وەک توێژەرێکی دیار کار دەکات و داهێنانەکەی لەلایەن گەورەترین ڕۆژنامە و ناوەندە میدیاییەکانی سوێدەوە گرنگییەکی زۆری پێدراوە و خەڵاتی تایبەتی زانکۆکەشی پێ بەخشراوە.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

___

ڕەوەندی کوردستانی لە بەرلین بەشداری مەراسیمی ماتەمینی قوربانییەکی تیرۆریان کرد

Harmn

سەرۆک بارزانی :١١ی ئاداری ١٩٧٠ بەڵگەیەکی ڕوونە لە سەرکەوتنی شۆڕش وئیرادەی ڕەوای گەلی کوردستان

Harmn

کۆمەڵەی کوردی موردایك و ئاهەنگی نەورۆز لە هۆڵەندا

KDC