هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شاری کەرکووک، کۆتاییان بە راکردنی تۆمەتبارێک هێنا کە ماوەی 8 ساڵە لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتی و حکومەتی سوێدەوە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە دۆسیەیەکی کوشتنی ئاڵۆزدا داواکراوە.
دەستگیرکردنی ئەم داواکراوە، کاردانەوەی ئەرێنیی پۆلیسی سوێدی لێکەوتەوە، ئاندەرس ویبێرگ، بەرپرسی بەشی ئۆپەراسیۆنە نێودەوڵەتییەکان لە پۆلیسی سوێد، پێزانینی خۆی بۆ هاوکاریی و هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەم پرۆسەیەدا دەربڕی، هەرچەندە پێشتر لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە چەندین تۆمەتباری داواکراو رادەستی حکومەتی سوێد کراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە ئایا بەغدا ئەم تۆمەتبارە رادەستی ستۆکهۆڵم دەکاتەوە یان لە ناوخۆی عێراقدا دادگایی دەکرێت.
مێژووی ئەم دۆسیەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016 و لە مێژووی تاوانکاریی سوێددا بە یەکێک لە رووداوە هەرە هەژێنەرەکان هەژمار دەکرێت، لەو ساڵەدا، تەرمی گەنجێکی ئەفغانیی تەمەن 23 ساڵ بەناوی رامین شێرزای، بە دەستبەستراوی و کوژراوی لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزرایەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس و بەڵگەکانی دادگەی سوێد، هۆکاری سەرەکیی تاوانەکە بۆ بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دەگەڕێتەوە، رامین و ژنێکی عێراقی لە خولێکی فێربووندا یەکتری دەناسن و پەیوەندییەکیان بۆ دروستدەبێت، بەڵام دوای ئەوەی هاوژینی ژنەکە بەم بابەتە دەزانێت، کێشەیەکی گەورە روودەدات و دەبێتە هۆی جیابوونەوەی ژنەکە لە هاوژینەکەی.
دوای ئەوەی پەیوەندیی نێوان رامین و ژنەکەش کۆتایی دێت، گەنجە ئەفغانییەکە هەڵدەستێت بە دانانی وێنەیەکی خۆی و ژنەکە لە کاتی ماچکردندا وەک وێنەی سەرەکیی پڕۆفایلەکەی لە فەیسبووک، هاوکات داواکاریی هاوڕێیەتی بۆ کەسوکار و هاوژینی پێشووی ژنەکە دەنێرێت، ئەم رەفتارە کاردانەوەی تووندی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی رامین بڕفێندرێت و دواتر بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە کۆتایی بە ژیانی بهێندرێت.
لەسەر ئەم کەیسە ئاڵۆزە، دادگەی سوێد پێشتر سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر 6 کەسدا سەپاندووە، ئەو کەسەی کە لە شاری کەرکووک دەستگیرکراوە، تۆمەتباری حەوتەمی ئەم دۆسیەیەیە کە توانیبووی بۆ ماوەی 8 ساڵ لە دەستی یاسا هەڵبێت و خۆی بشارێتەوە.
هاوتا لەگەڵ ئەم جۆرە دۆسیانەدا، پۆلیسی ئەڵمانیاش ماوەی 9 ساڵە بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی دیکە دەکات کە تێوەگلاوە لە تاوانێکی کوشتن لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ئابڕوو، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو تۆمەتبارە دەستگیر نەکراوە.
کارزان حەیدەر
