کۆمپانیاکانی گواستنەوەی پۆستە لە ئەوروپاوە بۆ کوردستان ئاشکرایان کردووە کە ناردنی هەر جۆرە دەرمان و ئامێرێکی پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بەتەواوی قەدەغە کراوە، هاوکات بەهۆی سەپاندنی باجێکی زۆری گومرگی لەسەر سنوورەکان، پرۆسەی ناردنی کەلوپەل بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەتەواوی پەکی کەوتووە.
هەوڵی هاووڵاتییەکی کورد لە ئەڵمانیاوە بۆ ناردنی ئامێرێکی پێوانەکردنی شەکرە بۆ نەخۆشێک لە شاری قامیشلۆ، ئاستەنگییەکانی بەردەم کۆمپانیاکانی پۆستەی ئاشکرا کرد، لە ئێستادا ناردنی پۆستە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەپاندنی باجێکی قورس لەسەر ئەو کەلوپەلانەی لە باشوورەوە دەپەڕنەوە ڕۆژئاوای کوردستان، بەهۆی ئەم ڕێکارە نوێیانەوە، تێچووی ناردنی هەر کیلۆیەک بۆ نزیکەی 6 یۆرۆ بەرز بووەتەوە، ئەمەش وای کردووە هاووڵاتییان چیتر نەتوانن کەلوپەل بۆ ئەو بەشەی کوردستان بنێرن، سەرباری بەرزیی نرخەکان، ناردنی دەرمان، حەب، یان هەر ئامێرێکی پزیشکی بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لێ دەکرێت.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، هەرچەندە پرۆسەی ناردنی پۆستە بۆ سەرجەم شارەکانی وەک هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک بەردەوامە، بەڵام هاوشێوەی ڕۆژئاوای کوردستان، ناردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی ڕێگەپێدراو نییە، ئەو کەلوپەلانەی کە ئێستا لە ئەوروپاوە دەگەنە باشووری کوردستان زیاتر بریتین لە جلوبەرگ، کەلوپەلی ناوماڵ و پێداویستییەکانی جوانکاری، کە نرخی ناردنی هەر کیلۆیەک لە 1.60 یۆرۆوە دەست پێدەکات. ئەگەر کەلوپەلەکە ئامێری کارەبایی بێت، ئەوا بەپێی قەبارەکەی باجی گومرگی زیاتری دەچێتە سەر.
ساڵانە ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی پۆستەوە بڕێکی زۆر لە کەلوپەل، دیاری و پێداویستییە جۆراوجۆرەکان بۆ خێزان و کەسوکاریان لە نیشتمان دەنێرن، بەڵام ئەم ڕێکارە نوێیانەی گومرگ و قەدەغەکردنی توندی پێداویستییە تەندروستییەکان، بووەتە بەربەستێکی گەورە، بەتایبەتی بۆ ئەو خێزانانەی کە لە ڕووی دابینکردنی دەرمان و ئامێری پزیشکییەوە پشت بە کەسوکارەکەیان لە هەندەران دەبەستن.
کارزان حەیدەر
