KDC

کچێکی تووندڕەو لە بەریتانیا بە تەور هەوڵی سەربڕینی سەرتاشێکی کورد دەدات

لە هەواڵێکی هەژێنەردا کە تەواوی کۆمەڵگەی تاراوگەنشینانی لە بەریتانیا تووشی شۆک کردووە، کچێکی گەنجی بەریتانی کە هەڵگری بیری تووندڕەوییە، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن، هەوڵی کوشتن و سەربڕینی گەنجێکی کوردی دا، ئەم ڕووداوە چاوەڕواننەکراوە کە تێیدا سەرتاشێکی کورد ڕووبەڕووی پەلامارێکی دڕندانە بووەوە، جارێکی دیکە زەنگی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی ڕەگەزپەرستی و دژایەتیکردنی کۆچبەران لەو وڵاتەدا لێدەدات.

ئەم ڕووداوە دەگەڕێتەوە بۆ 2ی ئابی 2025، کاتێک ئالینا بێرز، کچێکی تەمەن 19 ساڵی بەریتانی، لەبەردەم سەرتاشخانەیەک لە شاری بریستۆڵ بۆسە بۆ سەرتاشێکی کورد بە ناوی محەممەد مەحموودی دادەنێتەوە، کاتێک محەممەد دێتە دەرەوە، ئالینا لەپڕ و لەپشتەوە بە تەورێک پەلاماری دەدات بەو مەبەستەی سەری ببڕێت، خۆشبەختانە، بەهۆی ئەوەی گەنجە کوردەکە باڵای بەرزتر و هێزی جەستەیی زیاتر بووە، توانیویەتی بەرپەرچی هێرشەکە بداتەوە و ڕێگری لە کارەساتەکە بکات، هەرچەندە لە کاتی بەرگریکردندا کەمێک بریندار بووە و دواتر پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە و کچەکەیان دەستگیر کردووە.

دوای دەستگیرکردنی و پشکنینی ماڵەکەی، پۆلیس بۆی دەرکەوتووە کە ئەو کچە سەر بە گرووپە تووندڕەوە ڕاستڕەوەکانە، لە ماڵەکەیدا پەڕتووکی خەباتی من -ی ئەدۆڵف هیتلەری تێدا دۆزراوەتەوە کە لە زۆربەی وڵاتە ڕۆژاواییەکان قەدەغە کراوە، هەروەها لە مێژووی گەڕانەکانی ئینتەرنێتیدا دەرکەوتووە کە بەدواداچوونی زۆری بۆ بابەتەکانی پەیوەست بە موسڵمانان، جووەکان و گرووپە جیهادییەکان کردووە، تەنانەت لە یەکێک لە بەرنامەکانی ژوانبەستن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا نامەی بۆ پیاوێک ناردووە و لێی پاڕاوەتەوە کە هەموو جوو و موسڵمانەکانی بەریتانیا بکوژێت.

ئەم هەفتەیە، ئالینا لەبەردەم دادوەری دادگای بەریتانیا ئامادە بوو، بەڵام لەبری دەربڕینی پەشیمانی، بەوپەڕی ساردی و بێباکیەوە ڕایگەیاند کە، هێشتا سوورە لەسەر کوشتنی ئەو گەنجە کوردە و ئەگەر ئازاد بکرێت دووبارەی دەکاتەوە و ئەمجارەیان کارەکەی تەواو دەکات، ئەو ئاشکرای کرد کە ئامانجی سەرەکی لەم کارە ئەوە بووە ببێتە هاندەرێک بۆ خەڵکی دیکە تا لەسەر شەقامەکان کۆچبەران بکوژن، لەسەر ئەم بنەمایە، دادگا تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتن و تیرۆریزمی خستووەتە پاڵی و چاوەڕێ دەکرێت سزایەکی قورس بدرێت.

شەپۆلی نوێی ڕاستڕەوە تووندڕەوەکان لە ئەورووپا بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی کۆچبەران و کەمینەکان، سەرەڕای ئەوەی کۆچبەرانی کورد لە وڵاتانی وەک بەریتانیا بەشێکی گرنگن لە هێزی کار و بە ئاشتیانە ژیان بەسەر دەبن، بەڵام زۆرجار دەبنە قوربانیی بیری تووندڕەوی و ڕقوکینەی ئەو کەس و گرووپانەی کە هەوڵ دەدەن بە بیانووی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، تاوانی قێزەون ئەنجام بدەن، ئەم جۆرە ڕووداوانە پێویستیی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆری ناوخۆیی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان دەردەخەن.

___

ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆن وێبنارێکی بۆ مەریوان نەقشبەندیی ساز کرد

Harmn

زۆربەی ئەو عێراقییانەی لە پۆڵەندا داوای مافی مانەوەیان کردووە ڕەتکراونەتەوە

KDC

یەختێکی کۆچبەران لەدەریای ئیجە نقوم بوو

KDC