شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، پەیامێکی پیرۆزبایی گەرمی ئاراستەی دکتۆر ڕۆنی بەها مایی کرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین پزیشکی ڕووسیا و داهێنانە گەورەکەی لە بواری پزیشکیی مێشکی منداڵاندا.
لە پەیامەکەدا ئەم دەستکەوتە زانستییە وەک جێگەی شانازییەکی گەورە بۆ گەلی کورد و بەتایبەتی ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات وەسف کراوە.
دکتۆر ڕۆنی بەها مایی، پزیشکێکی کوردی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستانە کە توانیویەتی لەسەر ئاستی وڵاتێکی گەورەی وەک ڕووسیا ببێتە جێگەی سەرنجی ناوەندە زانستی و پزیشکییەکان، ئەو پزیشکە بە داهێنانی شێوازێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە قورسەکانی مێشکی منداڵان، نەک تەنها خزمەتێکی گەورەی بە مرۆڤایەتی کردووە، بەڵکو ناوی کوردیشی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەرز ڕاگرتووە، بارەگای بارزانی لە ڕێگەی نووسینگەی دیاسپۆراوە بەردەوامە لە بەرزنرخاندن و پاڵپشتیکردنی ئەو توانایانەی کە لە دەرەوەی وڵاتدا پێشەنگایەتیی زانست دەکەن و سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەن.
دەقی پەیامەکە :
بۆ بەڕێز د. ڕۆنی بەها مایی
بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین پزیشکی ڕووسیا و داهێنانە مەزنەکەتان لە بواری پزیشکیی مێشکی منداڵاندا، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمتان پێشکەش دەکەم.
بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە بەنرخە لەسەر ئاستی وڵاتێکی وەک ڕووسیا، دەرئەنجامی ڕەنجی بێوچانتان، زانیاریی قووڵتان و ئیرادەی پیشەییتانە.
داهێنانی شێوازێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە سەختەکانی مێشکی منداڵان، نەک تەنها سەرکەوتنێکی گەورەی زانستییە، بەڵکو خزمەتێکی پیرۆزە بە مرۆڤایەتی و پاراستنی ژیانی نەوەکانی داهاتوو.
وەک پزیشکێکی کورد لە ڕۆژاوای کوردستانەوە، ئێوە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا توانا و هۆشمەندیی تاکی کوردتان بە جیهان ناساند، ئەم سەرکەوتنەی ئێوە، بۆ گەلەکەمان و بەتایبەتی بۆ ڕەوەندی کوردستانی لە تاراوگە، جێگەی شانازی و سەربەرزییەکی گەورەیە، ئێوە نموونەیەکی گەشاوەن کە نیشانی دەدەن تاکی کورد لە هەر هەلومەرجێکدا دەتوانێت ببێتە پێشەنگی زانست و داهێنەری خێر و خزمەت.
داواتان لێ دەکەم کە بە هەمان ڕۆحی دڵسۆزی و بە زانیارییە بەرزەکەتانەوە، لەم ڕێگە پیرۆزەدا بەردەوام بن. هیوادارم ئەم داهێنانەتان ببێتە ڕووناکییەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو منداڵانە و ببێتە هێزێک بۆ گەنجەکانمان لە دەرەوەی وڵات تاوەکو هەمیشە هەنگاو بەرەو لوتکەکانی سەرکەوتن بنێن.
هیوای تەندروستییەکی باش و سەرکەوتنی هێشتا گەورەترتان لە ژیانی پیشەیی و زانستیتاندا بۆ دەخوازم.
هەمیشە سەربەرز و سەرکەوتوو بن.
شفا بارزانی
سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی
کارزان حەیدەر
