لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر ناوەندێکی چاودێریی لاوان لە شاری شتادەی هەرێمی ساکسۆنیای خواروو لە ئەڵمانیا، 6 کارمەند کوژران.
پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕووداوە خوێناوییە بۆ کێشەیەکی خێزانی و ململانێیەکی توند لەسەر مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵێکی تەمەن 3 مانگان دەگەڕێنێتەوە.
پۆلیسی ناوچەکە زانیاریی زیاتری لەسەر تاوانبارەکە ئاشکرا کردووە کە پیاوێکی تەمەن 45 ساڵە و لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، بەپێی زانیارییەکان، بڕیار بووە هەر هەمان ڕۆژی هێرشەکە، دانیشتنێکی تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی مافی سەرپەرشتیکردنی کچە تەمەن 3 مانگەکەی بەڕێوەبچێت.
سەرجەم قوربانییەکانی ئەم کارەساتە تەنیا کارمەندی ناوەندەکە بوون کە پێکهاتوون لە 4 ژن و 2 پیاو، هیچ پەنابەرێک یان نەخۆشێک لەنێو کوژراوەکاندا نییە، لە هەمان کاتدا، دایکەکە و منداڵە 3 مانگەکەی کە لەو ناوەندەدا نیشتەجێ ببوون، سەلامەتن و هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە و لە ئێستادا لە شوێنێکی پارێزراودان، هەروەها پۆلیس سەرقاڵی وەرگرتنی وتەیە لە دایکەکە بۆ گەیشتن بە درکاندنی ڕاستییەکان.

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدراوە، ناوەندێکی تایبەتی چاودێریکردن و هاوکاریکردنی خێزان و لاوانە کە لەلایەن حکومەتی خۆجێیی ناوچەی هانۆڤەرەوە بەکاردەهێنرێت، تۆمەتباری ڕووداوەکە و دایکی منداڵەکەش خەڵکی هەمان ناوچەن، سەرەڕای ئەوەی تۆمەتبارەکە پێشینەی لای پۆلیس هەبووە و ناوەکەی تۆمار کراوە، بەڵام پێشتر وەک کەسێکی زۆر توندوتیژ نەناسراوە و هیچ ڕەفتارێکی مەترسیداری لەو شێوەیەی لێ نەبینراوە.
تا ئێستاش سەرچاوەی ئەو چەکەی تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە نادیارە و پۆلیس پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەو پیاوە مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی نەبووە، لەبەر هەستیاریی دۆخەکە و بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان، کاترین شوۆل سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی لۆنەبۆرگ داوای لە هاوڵاتییان و ڕاگەیاندنەکان کردووە ڕەچاوی باری دەروونیی کەسوکار و ئازیزانی ئەو 6 قوربانییە بکەن و لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست بەدوور بن.
کارزان حەیدەر
https://www.facebook.com/karzan.haedar.7
009647504475408
