یەکێتیی ئەوروپا هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێ و چارەنووسساز لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کۆچبەران دەنێت، لە ئێستادا بیرۆکەی ناردنی پەنابەران و دروستکردنی کەمپ لە دەرەوەی سنوورەکانی کیشوەری ئەوروپا پشتگیرییەکی فراوانی وڵاتانی ئەندامی بەدەستهێناوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی هۆشداری و نیگەرانییەکی قووڵ لەسەر ئاستی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی گاردیان، گفتوگۆکانی ناو یەکێتیی ئەوروپا بۆ گواستنەوەی پرۆسەی مامەڵەکردن بە کەیسی پەنابەران بۆ وڵاتانی سێیەم و دەرەوەی ئەوروپا، چووەتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووەوە، لە ئێستادا 19 وڵاتی ئەندام بە توندی پشتگیری لەو پلانە دەکەن کە تیایدا کۆچبەران لە کەمپە دەرەکییەکاندا نیشتەجێ دەکرێن، لە ڕێبەرایەتیکردنی ئەم هەنگاوە نوێیەشدا، وڵاتانی نەمسا، دانیمارک، ئەڵمانیا، یۆنان و هۆڵەندا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن و پێشەنگی پرۆژەکەن.
لە بەرانبەر ئەم پێشهاتە خێرایانەدا، کۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤی سەر بە ئەنجومەنی ئەوروپا نیگەرانییەکی زۆر قووڵی خۆی دەربڕیوە و هۆشداری توندی داوەتە سەرکردەکانی ئەوروپا، بە بڕوای کۆمیسیارەکە، دروستکردنی ئەم جۆرە کەمپانە لە دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپی دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی تاریک و مەترسیدار کە تیایدا مافەکانی مرۆڤ بە تەواوی ون دەبن و دەبنە قوربانی.
هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە دوورخستنەوەی پەنابەران بۆ وڵاتانی دیکە، کۆنتڕۆڵی یاسایی ئەوروپا بەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو لێقەوماوانەدا بە یەکجاری لەناو دەبات، ئەم پاشەکشەیە لە بەرپرسیارێتییە یاساییەکان، ڕەنگە ببێتە دەروازەیەک بۆ سەرهەڵدانی پێشێلکارییەکی گەورە و بێسنوور بەرانبەر بە ژیان و کەرامەتی کۆچبەران، بەبێ ئەوەی هیچ چاودێرییەکی ورد و دادپەروەرانە بوونی هەبێت.
کارزان حەیدەر

