KDC

پەرلەمانی قرغیزستان و کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پێکەوەژیان دەکەن

لە پەرلەمانی قرغیزستاندا پێشوازیی لە شاندێکی باڵای ڕەوەندی کوردستانی کرا و پرسی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە کرا.

ئەمڕۆ 22ی تەمموز، لە هەنگاوێکدا بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە کەلتوورییەکان و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی قرغیزستان لەگەڵ سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەو وڵاتە کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر ڕۆڵ و پێگەی گرنگی کورد لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەی قرغیزستاندا کردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی قرغیزستان، هەردوو ئەندامی پەرلەمان چۆلپۆن ئیسێنامانۆڤا و گولجان ساتیێڤا، پێشوازییان لە ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی و ڕەمەزان سەعیدۆڤ، سەرۆکی ڕەوەندی کوردستانی لە قرغیزستان کرد.

لەم دیدارەدا کەشێکی دۆستانە باڵی بەسەر گفتوگۆکاندا کێشابوو، تێیدا تیشک خرایە سەر چەند تەوەرێکی گرنگ، لەوانە پتەوکردنی تەبایی نێوان نەتەوە جیاوازەکان، فراوانکردنی هاریکارییە کەلتووری و مرۆییەکان، هەروەها هەماهەنگیی زیاتر بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە و دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییە هاوبەشەکان.

نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانی قرغیزستان ئەوەیان خستە ڕوو کە وڵاتەکەیان لانکەیەکە بۆ زیاتر لە 90 نەتەوەی جیاواز کە بە ئاشتی و تەبایی پێکەوە دەژین، لەم چوارچێوەیەشدا ئامادەیی تەواوی پەرلەمانیان نیشان دا بۆ پاڵپشتیکردنی هەر هەنگاوێک کە خزمەت بەو پێکەوەژیانە بکات و پەیوەندیی نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت و ڕەوەندی نەتەوەکانی تر بەهێزتر بکات.

لە بەرانبەردا، ڕەمەزان سەعیدۆڤ کورتەیەکی لەسەر کار و چالاکییەکانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پێشکەش بە پەرلەمانتاران کرد، هاوکات تیشکی خستە سەر ئەو هەوڵە بەردەوامانەی کە کوردانی دانیشتووی قرغیزستان دەیدەن بۆ بەشداریکردن لە پێشخستنی وڵاتەکە لە ڕووی کۆمەڵایەتی، کەلتووری و ئابوورییەوە، وەک بەشێکی دانەبڕاو و کارا لە پێکهاتەی ئەو وڵاتە.

مێژووی بوونی کورد لە وڵاتی قرغیزستان و وڵاتانی تری ئاسیای ناوەڕاست دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ڕابردوو، بەتایبەتی بۆ ساڵانی سییەکان و چلەکانی سەدەی بیستەم، لەو سەردەمەدا و لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیی سۆڤیەت، هەزاران خێزانی کورد لە ناوچەکانی قەوقازەوە بە شێوەیەکی زۆرەملێ بۆ ئاسیای ناوەڕاست دوورخرانەوە، سەڕەڕای سەختییەکانی قۆناغی ئاوارەبوون، کوردەکانی قرغیزستان توانیویانە بە تێپەڕبوونی کات خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگەی نوێدا بگونجێنن، لە ئێستادا ئەوان وەک پێکهاتەیەکی چالاک دەبینرێن و بەشێکی بەرچاویان لە بوارەکانی کشتوکاڵ، بازرگانی و خوێندندا جێدەستیان دیارە، کە لە پاڵ پاراستنی زمان و کەلتووری ڕەسەنی خۆیان، ڕۆڵێکی ئەرێنییان لە بونیادنانی سەقامگیری و گەشەی ئابووریی قرغیزستاندا هەیە.

هەواڵەکە لەم لینکەدایە:

https://www.kenesh.kg/posts/17152

 

 

 

___

یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە بۆ سەپاندنی سزای نوێ ،ئەگەر ڕوسیاجەنگەکە ڕانەگرێت

Harmn

وێڕای ناڕەزایەتی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا، زانایەکی بکوژی عێراقی مافی مانەوە وەردەگرێت

KDC

ئیتاڵیا: زریانێکی بەھێز و تەرزەیەکی زۆری قەبارە گەورە دەبارێ و زیانی زۆری دەکەوێتەوە

KDC