KDC

سیروان هادی.. یاریزانە بەتواناکەی هۆڵەندا بە مۆدریچی کورد دەناسرێت

سیروان هادی، یاریزانی کوردی تەمەن 11 ساڵ لە وڵاتی هۆڵەندا، بەهۆی لێهاتووییە سەرنجڕاکێشەکانی لە یاریگادا نازناوی مۆدریچی کورد-یان لێ ناوە.

ئەم یاریزانە تەمەن بچووکە توانیویەتی لەنێو یانە گەورەکانی هۆڵەندا جێگەی خۆی بکاتەوە و وەک کاپتنی هەڵبژاردەی نیشتمانیی لاوانی ئەو وڵاتەش دەستنیشان بکرێت.

سیروان هادی کە ئێستا تەمەنی تەنیا 11 ساڵە، لە هێڵی ناوەڕاستدا یاری دەکات و خاوەنی تەکنیکێکی بەرزە لە کۆنترۆڵکردنی تۆپ و پاسدانی ورددا، ئەو یاریزانە بەتوانایە کوردە کاروانی وەرزشیی خۆی لە یانە بەناوبانگەکانی وەک ئەیاکس ئەمستردام و ئەی زد ئەلکمار دەستپێکردووە و لە ئێستاشدا لە یانەی ئێف سی ڤۆڵیندام بەردەوامە لە پەرەپێدانی تواناکانی.

بەهۆی شێوازی یاریکردنی کە هاوشێوەی لوکا مۆدریچی ئەستێرەی کرواتی و یانەی ڕیاڵ مەدریدە، لەلایەن میدیا وەرزشییەکان و ڕاهێنەرانەوە، گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت، سیروان نەک تەنیا لە ئاستی یانەکان، بەڵکو لەسەر ئاستی نیشتمانیی هۆڵەنداش درەوشاوەتەوە و وەک کاپتنی هەڵبژاردەی لاوانی هۆڵەندا لە چەندین پاڵەوانێتی و یاریی گرنگدا بەشداریی کردووە و ناسناوی جۆراوجۆری بەدەستهێناوە.

ئەم یاریزانە کوردە لە کاتی ڕاهێنان و یارییەکاندا توانایەکی زۆری لە بڕینی یاریزانانی بەرانبەر و دروستکردنی هەلی گۆڵ بۆ هاوڕێکانی نیشان دەدات، ئەمەش وایکردووە چاودێرانی وەرزشی وەک پڕۆژەی ئەستێرەیەکی جیهانی لە داهاتوودا سەیری بکەن.

وڵاتی هۆڵەندا بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی پێگەیاندنی بەهرەمەندە وەرزشییەکان لە جیهاندا دادەنرێت، کە ساڵانە چەندین یاریزانی ئاستبەرز پێشکەشی خولە گەورەکانی ئەوروپا دەکات، دەرکەوتنی یاریزانێکی کورد لە تەمەنێکی ئاوا بچووکدا وەک کاپتنی هەڵبژاردەی لاوانی هۆڵەندا، دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ وەرزشکارانی کورد لە تاراوگەدا، کە پێشتریش چەندین یاریزانی تر لەو وڵاتە توانیویانە بگەنە ئاستی پیشەگەر و لە خولە نایابەکاندا یاری بکەن.

 

کارزان حەیدەر

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

[email protected]

 

___

لە یەکەم هەفتەی دەستبەکاربوونی سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا نزیکەی هەزار کۆچبەر دەگەنە ئەو وڵاتە

Karzan

ڕوسیا: ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لەسەر چەند پرسێک کۆبوونەوە

Harmn

جۆرجیا: کۆمەڵەیەکی کوردی هاتە ژێر چەتری کۆنفدراسیۆن

Harmn