گۆڤاری ڕەوەند نوێترین ژمارەی کە ژمارە 6ـە، بە ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەند و هەمەجۆر لە بوارەکانی سیاسی، ئەدەبی، هونەری، وەرزشی و کولتووری بڵاوکرایەوە.
لەم ژمارەیەشدا کۆمەڵێک نووسەر و پسپۆڕی ناوخۆ و تاراوگە بە نووسینەکانیان بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی بڵاوکردووەتەوە ، سەرباری ئەو نووسەرانەی دید و بۆچوونە جیاوازەکانی خۆیان لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکان خستووەتە ڕوو.
دەرچوونی ئەم ژمارە نوێیەی رەوەند هەنگاوێکی دیکەیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتووری و فکرییەکان، چونکە گۆڤارەکە توانیویەتی ببێتە پردێکی پەیوەندیی نێوان رۆشنبیرانی ناوخۆی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە دیاسپۆرا، لەم چوارچێوەیەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان، بیرمەندان و پسپۆرانی بوارە جیاوازەکان بەشدارییان تێدا کردووە، ئەمەش وای کردووە گۆڤارەکە ببێتە سەکۆیەکی گشتگیر بۆ ئاڵوگۆڕی مەعریفە و ئەزموونەکان لەنێوان ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا.
هەرمن ئەحمەد، سەرنووسەری گۆڤاری ڕەوەند، ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی ئەوان رەخساندنی دەرفەتە بۆ تەواوی نووسەران و رۆشنبیران تا لە ڕێگەی ناردنی بابەتە بەپێز و بەهادارەکانیانەوە، لەگەڵ گۆڤاری رەوەندی بەردەوام بن و نووسەری زیاتریش تێیدا بەشداربێت.
سەرنووسەری گۆڤاری ڕەوەند جەختی لەوە کردووەتەوە کە، دەرگای گۆڤارەکە بۆ هەموو ئەو پسپۆڕ و قەڵەمبەدەستانە واڵایە کە دەیانەوێت لە ڕێگەی نوسینەکانیانەوە خزمەت بە کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بکەن.

