KDC

 هونەرمەند ئالان عارف لەگەڵ ئۆرکێسترای فیلارمۆنیکی برۆکسل کۆنسێرتێکی میوزیک بەرێوەدەبات

هونەرمەندی دیاری کورد ئالان عارف لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، وردەکاریی پرۆژەیەکی گەورەی هاوبەشی لەگەڵ ئۆرکێسترای فیلارمۆنیکی برۆکسل و چەند ناوەندێکی هونەریی نێودەوڵەتی خستەڕوو. بەپێی زانیارییەکانی هونەرمەند، لە 25ی سێپتەمبەر لە پایتەختی بەلجیکا بە ڕێبەریی دەیڤید ناڤارۆ، بەشێوازێکی سمفۆنی و بە پۆشینی جلی نەتەوەییەوە ڕیتمە جیاوازەکانی مۆسیقای کوردی پێشکەشی ئامادەبووان دەکرێت، ئەوەش بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی ئاشتیخوازی و ناساندنی زیاتری کلتوور و میوزیکی کورد بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئالان عارف لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی باسی لەوە کرد، کۆنسێرتەکەی 25ی سێپتەمبەر لە کاتژمێر 8ی ئێوارە لە برۆکسل بەڕێوەدەچێت، تێیدا وەک سۆلیستێکی کورد شانبەشانی تیپێکی هونەریی دەوڵەتی قەتەر بۆ مۆسیقای عەرەبی بەشدار دەبێت، هاوکات ئاواز و ڕیتمە ڕەسەنەکانی بادینی، هەورامی و سۆرانی لەگەڵ ئۆرکێسترای فیلارمۆنیکی برۆکسل ئاوێتە دەکات.

هونەرمەند ئالان عارف تیشکی خستە سەر وێستگەیەکی دیکەی گرنگی کارەکانی لە مانگی داهاتوودا و ڕایگەیاند لە 27ی ئۆکتۆبەر، لە هۆڵی بەناوبانگی بۆزار لە شاری برۆکسل، کۆنسێرتێکی مێژوویی بە بۆنەی ڕێوڕەسمی پێشوازی لە سەرۆکایەتیی نوێی ئەوروپا ساز دەکرێت، لەو نمایشەدا، ئۆرکێسترای شاهانەی بەلجیکی لەگەڵ 80 بۆ 90 گۆرانیبێژی کۆڕاڵی ئۆپێرایی هاوبەشی دەکەن، تێیدا مۆسیقای کوردی و ئێرلەندی بەیەکەوە گرێ دەدرێن تا وەک پەیامێکی دیپلۆماسی و کولتووری دەنگدانەوەی جیهانی هەبێت.

سەبارەت بە کارەکانی داهاتووی، ئالان عارف بۆ ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ڕوونی کردەوە، لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەر بە بانگهێشتی فەرمی دەچێتە قەتەر بۆ پێشکەشکردنی هەمان بەرهەم، پاشان لە مانگی 2ی ساڵی داهاتوودا لە ماڵی ئۆپێرای میسر کۆنسێرت ساز دەکات و بەدوای ئەوەشدا پرۆژەکەی دەباتە وڵاتانی سعوودیە و ئیمارات.

لە لێدوانەکەیدا، هونەرمەند ئالان عارف داوای لە ڕەوەندی کوردستانی لە بەلجیکا و سەرتاسەری ئەوروپا کرد ئامادەی ئەم چالاکییانە بن و پشتیوانی لە هونەری نەتەوەکەیان بکەن، ئاماژەی بەوەش دا کە هونەرمەند هاوشێوەی گوڵێک وایە ئەگەر ئاوی نەدەن و خزمەتی نەکەن، سیس دەبێت، بۆیە ئامادەبوونی جەماوەری کورد لەم جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییانەدا مەرجی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی پەیامی هونەریی گەلی کورد لەسەر ئاستی جیهاندا.

هونەرمەند ئالان عارف خاوەنی زیاتر لە 30 ساڵ ئەزموونی ژیان و کاری هونەرییە لە ئەڵمانیا و لە بواری مۆسیقای جیهانیدا کارێکی ئەکادیمی و پرۆفشناڵ دەکات، دەرکەوتنی مۆسیقای کوردی لە هۆڵە گەورەکانی وەک بۆزار و کارکردن لەگەڵ ئۆرکێسترا نێودەوڵەتییەکانی ئەوروپادا، هەنگاوێکی کاریگەرە لە چوارچێوەی دیپلۆماسیی کولتووریدا، کە تێیدا ڕەوەندی کوردی و ناوەندە مەدەنییەکانی دیاسپۆرا دەتوانن لە ڕێگەی هونەر و مۆسیقاوە پێگەی شوناسی نەتەوەیی خۆیان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر و ناسراوتر بکەن.

___

پۆلیسی بریتانیا :- کوشتنی پەرلەمانتار دەڤی ئامیس پەلامارێکی تیرۆریستانەیە

KDC

دەریایی ناوەڕاست: شەپۆلێکی تری کۆچبەران بەهۆی لەباری کەش و هەواوە دروستبووە

Harmn

کوردێکی خەڵکی شنۆ دەستگیر دەکرێت

KDC