KDC

شفا بارزانی پیرۆزبایی لە سالار میرزا کەرکووکی دەکات

سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سالار میرزا کەرکووکی کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی وەک ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی لە دەرەوەی وڵات، ئەو سەرکەوتنەی وەک مایەی دڵخۆشی بۆ سەرۆک بارزانی و تەواوی گەلی کورد لە نیشتمان و دیاسپۆرا وەسف کرد.

شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، سەرکەوتن و هەڵبژاردنی سالار میرزا کەرکووکی بۆ ئەنجوومەنی شارەوانیی ناوچەکەی، هەنگاوێکی پیرۆز، گرنگ و جێگەی شانازییە، هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم دەستکەوتە لە پێش هەمووانەوە دڵی سەرۆک بارزانی و تەواوی گەلی کوردستان شاد دەکات و سەرکەوتنێکە بۆ هەموو کوردانی دەرەوەی وڵات.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە کە نوێنەرایەتیکردنی گەلی کورد لە دەزگاکانی بەڕێوەبردنی خۆجێیدا لە دەرەوەی وڵات، ڕەنگدانەوەی سیمای سەردەمیانە و دیموکراسییانەی گەلی کوردە بەرامبەر گەلانی تر، هاوکات ئامادەیی تەواوی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی دەربڕدرا بۆ پێشکەشکردنی هەر جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەک بە مەبەستی سەرخستنی ئەرکە نوێیەکەی.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات ڕۆڵێکی بەرچاوی لە کایە سیاسی، مەدەنی و کارگێڕییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بینیوە، بارەگای بارزانی لەڕێگەی شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی رەوەندی کوردستانییەوە گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندی و بەهێزکردنی تواناکانی کوردانی تاراوگە دەدات بە مەبەستی بەشداریکردنی کارا لە ناوەندەکانی بڕیاردان و پێشاندانی وێنەی ڕاستەقینە و شارستانیی گەلی کوردستان لە جیهاندا، هەڵبژاردنی کەسایەتییە کوردەکان بۆ ئەنجوومەنە خۆجێیی و شارەوانییەکان، وەک دەستکەوتێکی دیپلۆماسی و مەدەنی بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد لە دەرەوە سەیر دەکرێت.

 

دەقی پەیامەکە

بەڕێز: سالار میرزا کەرکووکی

سەرکەوتنتان پیرۆز دەکەم.

بە ناوی خۆم و ڕەوەندی کوردستانییەوە، بە گەرمی پیرۆزباییتان لێ دەکەین، سەرکەوتنتان و هەڵبژاردنتان بۆ ئەنجوومەنی شارەوانیی ناوچەکەتان، هەنگاوێکی زۆر پیرۆز، گرنگ و جێگەی شانازییە، بێگومان سەرکەوتنتان لە پێش هەمووانەوە دڵی سەرۆک بارزانی و تەواوی گەلی کوردستان خۆش دەکات، ئەم سەرکەوتنە، وەک سەرکەوتنی هەموو گەلەکەمان و بە تایبەتیش کوردانی دەرەوەی وڵاتە.

ئێمە هیوادارین لە ئەرکی نوێتاندا زۆر سەرکەوتوو و سەرفراز بن و بتوانن خزمەتێکی باش، بەنرخ و دڵسۆزانە پێشکەش بە کۆمەڵگە و شارەوانییەکەتان بکەن.

ئێوە ئەمڕۆ وەک نوێنەرانی گەلی کورد لەو شارەوانییەدا بەشدار دەبن، بۆیە ڕەنگی سەردەمیانە و دیموکراتییانەی گەلەکەمان نیشانی گەلانی دیکە دەدەن، ئەمە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و لە هەمان کاتدا جێگەی سەربەرزییە.

ئێمە وەک دیاسپۆرای کوردستان، پشتیوان و هاوکاری ئێوەین، دەرگامان هەمیشە بۆتان کراوەیە بۆ هەر پاڵپشتی و هاوکارییەک تا لە کارەکەتاندا سەرکەوتووتر بن.

جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێ دەکەین و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین.

لەگەڵ ڕێز و سڵاوی گەرمدا،

براتان
شفا بارزانی
سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی
16.09.2026

 

___

بە مەبەستی پشگیری ئەحمەد مەسعوود خۆپیشاندان لە کابووڵ ئەنجامدرا

KDC

کەنەدا: فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی دامەزرا

Harmn

ئەڵمانیا : شاندێکی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بەشداری لە کەمپێکی هونەری شێوەکاری دەکەن

Harmn