KDC

کۆمیسیاری باڵای پەنابەران: ئاشتی تاکە چارەسەری بەردەوامە بۆ کۆتاییهێنان بە کۆچی زۆرەملێ

کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رایدەگەیەنێت کە دیاردەی کۆچی زۆرەملێ راستییەکی تەواو لەبارەی رەوشی ئێستای جیهان ئاشکرا دەکات، ئەویش ئەوەیە کە خێرایی ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی مرۆڤەکان زۆر لە پێش خێرایی دۆزینەوەی چارەسەرەکانەوەیە.

لە میانەی پێشکەشکردنی راپۆرتێکدا لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە رەوشی جیهانیی کۆچی زۆرەملێ و پەنابەران، دکتۆر بەرھەم ساڵح، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هۆشداریدا لەوەی کە زیاتر لە 117 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا ناچارکراون ماڵ و خاکی خۆیان جێبهێڵن، ئەوەش بەهۆی تەشەنەسەندنی ململانێکان، توندوتیژی، چەوساندنەوە و ئەو هەڕەشانەی راستەوخۆ ژیان و سەلامەتییان دەخەنە مەترسییەوە.

بەرھەم ساڵح روونیکردەوە کە ئەم پرسە تەنیا ئاڵنگارییەکی مرۆیی نییە، بەڵکو لە کرۆکدا پرسێکی پەیوەستە بە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە، هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە هێنانەدی ئاشتی، بەردەوامترین و بنەڕەتیترین چارەسەرە بۆ کۆتاییهێنان بە دەردەسەرییەکانی کۆچی زۆرەملێ لە جیهاندا.

لە ئێستادا قەیرانی ئاوارەبوون و پەنابەری بەهۆی بەردەوامیی شەڕە درێژخایەنەکان و هەڵگیرسانی جەنگی نوێ لە چەندین ناوچەی جیهاندا، گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە مێژووی هاوچەرخدا، رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە هاوکارییە مرۆییەکان هەرچەندە بۆ هێشتنەوەی خەڵک لە ژیاندا گرنگن، بەڵام بێ بوونی ئیرادەیەکی سیاسیی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی جەنگەکان و بونیادنانی سەقامگیری، ئەستەمە بتوانرێت پێش بە لێشاوی کۆچی بێپەنایان لە سەرانسەری دونیادا بگیرێت.

___

لە ئەڵمانیا فێستیڤاڵێک ساز دەکرێت

Xelan

رۆمانیا توندوتیژی دژی پەنابەرە عێراقی و ئێرانی و ئەفغانییەکان بەکار دێنێت

KDC

ناوەندی تۆرۆنتۆ لەکەنەدا کۆبونەوەیەکی فراوانیان سازکرد

Harmn