ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2026، نادر دۆغاتی، سکرتێری کۆمیتەی گشتیی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە نوێنەرایەتیی د. ئیسماعیل کامل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنەکە، لە هەولێری پایتەخت سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و لەلایەن موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگاکەوە بە گەرمی پێشوازی لێ کرا، تێیدا پێزانین بۆ کارە مرۆییەکانی دەزگاکە و هاوسۆزیی ڕەوەندی کوردستانی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر دووپات کرایەوە.
لە میانی دیدارەکەدا، نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سڵاو و پێزانینی سەرۆک، دەستەی بەڕێوەبەری، کۆمیتەی گشتی و تەواوی ئەندامانی کۆنفیدراسیۆنەکەی گەیاندە سەرۆک و گشت کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەروەها کار و خەباتی مرۆیی دەزگاکەی بەرز نرخاند و جەختی لەوە کردەوە کە ڕەوەندی کوردستانی لە هەموو بارودۆخێکدا هاوبەشی خەم و ناخۆشییەکانی گەلی خۆیانن لە هەولێری پایتەخت، بەتایبەت بەرانبەر بەو کارەساتە سروشتییەی لافاو کە زیانێکی گەورەی بە هاووڵاتییانی شارەکە گەیاندووە.
لای خۆیەوە، موسا ئەحمەد سوپاسێکی گەرمی ئاراستەی سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد. ئاماژەی بەوە دا کە ڕەوەندی کوردستانی مایەی شانازییە و ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان هەبووە لە خزمەتکردنی کوردستانیانی تاراوگە و نیشتمانەکەیان کوردستان.
ئەم سەردانە دوای ئەو کارەساتە سروشتییەی لافاو دێت کە شاری هەولێری پایتەختی گرتەوە و زیانێکی گەورەی بە هاووڵاتییانی شارەکە گەیاند، کە لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵە مرۆیی و فریاگوزارییەکان بۆ بەهاناوەچوون و هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان بەردەوامن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک یەکێک لە دامەزراوە مرۆییە دیارەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتی قەیران و کارەساتە سروشتییەکاندا ڕۆڵێکی سەرەکی لە گەیاندنی هاوکاری و فریاگوزاری بۆ لێقەوماوان دەگێڕێت، لە بەرانبەردا، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی وەک چەترێکی کۆکەرەوەی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات، کار بۆ ڕێکخستنی تواناکانی کوردستانیانی تاراوگە و پتەوکردنی پەیوەندی و پشتیوانیی بەردەوام لە نیشتمان دەکات.

