KDC

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا: ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی گەیشتوون دەتوانن ببنە خاوەنی وڵاتینامە

بە بڕیارێکی دادگەی بەریتانیا، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە ناچار کرا ئەو رێکارە توندانە هەڵبوەشێنێتەوە کە رێگرییان دەکرد لە پێدانی رەگەزنامە بەو کۆچبەرانەی بە رێگەی نایاسایی چوونەتە ناو خاکی بەریتانیا, هاوکات، ئەو کەسانەی پێشتر بەهۆی ئەو بڕیارەوە داواکارییەکانیان رەتکرابووەوە، دەرفەتێکی نوێیان پێدراوە بۆ پێشکەشکردنەوەی مامەڵەکانیان.

ئەم پێشهاتە نوێیە دوای ئەوە دێت کە پارێزەرانی 4 کۆچبەر سکاڵایەکی یاساییان دژی وەزارەتی ناوخۆ جوڵاند, لە ئەنجامی دادگاییکردنەکەدا، دادگە بڕیاری دا کە وەزارەتەکە دەبێت دەستبەجێ رێنماییەکانی هەموار بکاتەوە و پێداچوونەوە بە گشت ئەو دۆسیانەدا بکات کە بەهۆی رێنماییە کۆنەکەوە رەتکراونەتەوە, دادگەی بەریتانیا نەک تەنیا مافی بە کۆچبەران دا، بەڵکو وەزارەتی ناوخۆی پابەند کرد بە بژاردنی سەرجەم خەرجییە یاساییەکانی پارێزەری سکاڵاکارانیش.

لە بنەمای بڕیارەکەی دادگەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە گەیشتنی نایاسایی بە تەنیا نابێتە پاساوێکی یاسایی بۆ بێبەشکردنی کۆچبەرێک لە مافی وەرگرتنی وڵاتینامە، بەتایبەت ئەگەر ئەو کەسە لە تەمەنی منداڵیدا بووبێت یان بووبێتە قوربانیی دەستی قاچاخچییەکانی مرۆڤ و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.

لە ژێر رۆشنایی ئەم بڕیارە نوێیەدا، سەرجەم ئەو پەنابەرانەی پێشتر لەلایەن هۆم ئۆفیسەوە مافی وەرگرتنی پاسپۆرتیان لێ سەندرابووەوە، دەتوانن بە شێوەیەکی راستەوخۆ داوای پێداچوونەوە بکەن, بۆ ئەم مەبەستەش، مۆڵەتی 6 مانگ دیاریکراوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە سەرلەنوێ داواکارییەکانیان ئاراستەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بکەن.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2025، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رێنماییەکی زۆر توندی دەرکرد کە تیایدا سزای هەتاهەتایی بەسەر هەر کەسێکدا سەپاند کە لە رێگەی بەلەمی بچووک یان هەر رێگەیەکی دیکەی نایاساییەوە سنوورەکانی ئەو وڵاتەی بڕیبێت، بە جۆرێک بۆ هەمیشە مافی وەرگرتنی وڵاتینامەی بەریتانیای لێ قەدەغە دەکرا, جێبەجێکردنی ئەم رێکارە توندە، لە چەند مانگی رابردوودا زیانێکی گەورەی بە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران گەیاند، کە بەشێکی بەرچاویان هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی بەریتانیا بوون و بەو هۆیەوە دۆسیەکانیان بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە رەتکرایەوە، بەڵام بڕیارەکەی ئێستای دادگە ئەو مافە زەوتکراوەی بۆ گەڕاندنەوە.

 

کارزان حەیدەر

___

دەروونیشت وەك جەستەت پێویستی بە ڕاهێنانە 

KDC

خولی یانەپاڵەوانەکان

KDC

سوودەکانی نەعنا

KDC