KDC

ئۆفیسی ژنانی کۆنفیدراسیۆن: خەباتی ژنانی کورد بەشێکە لە تێکۆشانی جیهانی

 

ئۆفیسی ژنانی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، پەیامێکی بڵاو کردەوە. لە پەیامەکەدا، جەخت لەسەر بەردەوامیی خەبات بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی ژنان دەکاتەوە و تێکۆشانی ژنی کوردی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە بزووتنەوەی جیهانیی ژنان وەسف کرد.

دەقی پەیامەکە:

بە بۆنەی ٢٥ نۆڤامبەرـ رۆژی بەرەنگاربوونەوە توندوتیژی دژی ژنان، وەبیرهێنەرەوەی خەبات و بەرخۆدانی مێژوویی ئەو ژنە تێکۆشەرانەیە، کە لە بەرامبەر دەسەڵاتە دیکتاتۆر و دژە ژنەکاندا ئازایانە ڕاوەستان و لەپێناو دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی و مرۆڤسالاریی نەوەکانی داهاتوودا لێبڕاوانە خەباتیان کردووە.
ئەم رۆژە مێژووییە بەر لە هەموو شتێک یاد و ناوی خوشکانی قارەمانی میراباڵمان دەخاتەوە بیر، ئەو ژنانەی ئازایانە بەرامبەر دەسەڵاتی زۆرداری دۆمینیکا راوەستان و گیانی خۆیان فیدای رێبازی ئازادی و یەکسانیی کرد.
پاش دەیان ساڵ لەو رۆژە مێژووییە، ئەمڕۆ خوێن و خەباتی خوشکانی میراباڵ بووە بەهەوێن و رێپیشاندەری میلیۆنان ژن لە سەرتاسەری جیهاندا و وەک خاڵی وەچەرخان لە پێکهاتە و دیسکۆرس و گوتاری جووڵانەوەی جیهانی ژنان، کە ئەمڕۆ ئاکام و ئاسەوارەکانی لە هەناوی هەموو بزووتنەوەیەکی یەکسانیخوازیی ژناندا بە روونی دەبینرێ.
ئۆفیسی ژنانی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، کە پێکهاتووە لە ژنانی تێکۆشەری کورد لە دیاسپۆڕا، لەو بڕوایەدایە، کە مێژووی ژنانی کوردیش دابڕاو نییە لە مێژووی ژیان و چارەنووسی ژنانی دیکەی جیهان. لە لایەک ژنی کورد بە هۆکاری سیاسیی و تا رادەیەک کۆمەڵایەتیی مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی تێپەڕاندووە، بەڵام هاوکات لێوانلێوو بووە لە بەرخۆدان و فیداکاری و پێشەنگایەتی؛ چ لە گۆڕەپانی خەباتی نەتەوەییدا چ لە مەیدانی خەبات لەپێناو مافە تایبەتییەکانیدا. حاشای لێناکرێ، کە ژنانی کوردیش بە درێژایی مێژوو تامی تفت و تاڵی هەڵاواردنی رەگەزییان چێشتووە، ئەمە جگە لەوەی دۆخی سیاسی و داگیرکراوی نیشتمانی کورد ئەوەندەی دیکە باری ژیان و گوزەرانی ژنانی کوردی قورس و دژوارتر کردووە؛ بەڵام نەک هەرگیز لە خەبات دانەبڕوان و گۆڕەپانی خەباتیان چۆڵ نەکردووە، بەڵکوو بەردەوام هێزی بزوێنەر و پوتانسێلی سەرەکیی ئەو خەباتە بوون لەپێناو پێشخستنی کورد و کۆمەڵگەی کوردستاندا.
ئۆفیسی ژنانی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، ٢٥ی نۆڤامبەر بە دەرفەتێک دەزانێ بۆ گەشەپێدان و خۆڕێکخستنەوە و گەشەپێدانی زیاتری ئەو خەباتە لەپێناو وەدیهێنانی سەرجەم ماف و ئازادییەکانی ژناندا.
لە ساڵوەگەڕی ئەم یادە مەزنەدا ئوفیسی ژنانی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆڕا، هەزاران سڵاوی ئازایەتی بۆ ئەو ژنە تێکۆشەرانە دەنێرین، کە بەشێکی سەرەکین لە خەباتی رەوای ژنان و لەو رێبازەدا سوور و لێبڕاون. هەزاران سڵاویش دەنێرین بۆ گیانی پاکی ئەو ژنانەش، کە بە بەختکردنی ژیانی خۆیان بوون بەهێما و هەوێنی ئەو خەباتەی هەتا دوا وێستگە لەسەر دەستی ئەوان بۆ چرکەیەکیش نەوەستاوە.
بەڵێن بێت تا کاتێک ئازادی، ئاسایش، یەکسانی و مافی دیاریکردنی چارەنووس بە تەواوەتی نەگەڕێنێتەوە بۆ ژنانی ستەمدیدەی کوردستان، هەرگیز بۆ ساتێک لەو خەباتە دەست هەڵناگرین.
بژی ئازادی
بژی مرۆڤسالاریی و یەکسانی
ئوفیسی ژنانی کۆنفێدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆڕا
25 نۆڤامبری 2025

___

دانیمارک: ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لەگەڵ پەرلەمانتارێکی پارتی سۆسیالست دیمۆکراتی دانیمارک کۆبوونەوە

nusar1

سویسرا: شاندی ناوەندی بازل سەردانی کتێبخانەیەک دەکەن

nusar1

٤٧ەمین ساڵیادی باوکی ڕۆحی نەتەوەیی کورد بارزانی نەمر لە شاری زیورخ بەرزڕاگیرا

nusar1