لە پاریس، رۆژی دووشەممە ٢ی ٣ی ٢٠٢٦ کۆنفڕانسێک لە سەر بارودۆخی روژئاواو گەلى کوردستان لەناوچەکە بەگشتى لە ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسی بەرێوەچوو کە لە لایەن ئەنستیتوی کوردی لە پاریس ساز کرا بوو. لە کۆنفڕانسەکە ژمارەیەک لە توێژەر، ماموستای زانکۆ، سیاسەتمەدار، سێناتۆر و کەسایەتی فەڕەنسی و کوردستانی تێیدا بابەتەکانیان پێشکەش کرد.

لە چوارچێوەی کۆنفڕانسەکە ووتارێکی ڤیدیۆیی بەڕێزسەفین موحسین دزەیی پێشکەش کرا کە باس لە سیاسیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد سەبارەت بە ناوچەکە و بارودۆخی روژئاوای کوردستان کە جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆلێکی زور گرنگیان گێرا لە هێور کردنەوەی گرژییەکان و واژووکردنی رێکەوتنی نێوان کوردەکان و حکومەتی دیمەشق.
دواتر بەڕێزان د. ئاسۆ حەسەنزادە، د. میکائیل لیزێنبێرگ، کەریم کامار، د. حەمید بۆزئەرسەلان، پڕۆفیسۆر کەنداڵ نەزان و سیناتۆری فەڕەنسی ڕێمی فێرۆ بابەت و بۆچوون و لێکۆڵینەوەیان لەمەڕ پرسەکانى پەیوەست بە بارودۆخی روژئاواو گەلى کوردستان لەناوچەکە پێشکەش کرد.
پانێڵەکان تایبەت بوون بە ڕوشى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەو جەنگەى ئێستا لە ئارادایە، مۆدێلی حکومڕانی ڕۆژئاوا هەروەها دیموکراسییەت وەک پرسێکی گرنگ لەداڕشتەی سوریا و داهاتووی ڕۆژئاوا، رۆلى ئەوروپا بە گشتى و فەرەنسا بە تایبەتى لە پشتگیرى کردنى گەلى کوردستان.
حەمید بۆزەئەرسەلان پڕۆفیسۆر لە زانکۆى زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆى پاریس بە تایبەت باسی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد کە دەورێکی باڵای لە پاراستنی کوردی ڕۆژائاوا بینیووە و چیتر کورد لە پێگەی جارانی وەک ساڵانی شەست و حەفتاکان نەماوە بەڵکو ئەمڕۆ هاوکار و پشتیوانی یەکترن و بە دەم یەکترەوە دێن بە هێزێکی ترەوە کە هیوایەکی تر بە پرسی کورد دەبەخشێت.
سێناتور ڕێمی فێرۆ زیاتر باسی لەوە کرد کە فەرەنسا تاکە وڵاتە کە لە ئەوروپا بتوانێت بەدەم کوردەوە بێت پاشان ڕووناکی خستە سەر ئەوەی کە ئەم جەنگە دەستی پێ کردووە لە کاتێکدایە کە دامەزراوەیەکی وەک ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان پەکی کەوتووە و وەک جاران کارا نییە.
سەرچاوە : فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە
