KDC

پەیامی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە بۆنەی ساڵیادی ڕێککەوتننامەی 11ی ئادار و ڕاپەڕینی شکۆداری شاری هەولێر

جەماوەری سەربەرزی کوردستان
خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگری شاری هەولێری پایتەخت
کوردستانییانی دڵسۆز لە هەر چوارگۆشەی جیهان
لە مێژووی پڕ هەڵکشان و داکشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، ڕۆژی 11ی ئادار تەنها ڕێکەوتێک نییە، بەڵکو ناسنامەی سیاسی و سیمبوولی ئیرادەی نەشکاو و بەڵگەنامەی زیندووی سەرکەوتنی مافەکانمانە بەسەر ستەمکاریدا.
ئەمڕۆ بە هەستێکی پڕ لە شانازی نەتەوەییەوە، یادی دوو وەرچەرخانی ستراتیژی و مێژوویی دەکەینەوە کە بوونە هەوێنی مانەوە و گەشەکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان، یادی ڕێککەوتننامەی مێژوویی 11ی ئاداری 1970 و یادی ڕاپەڕین و ئازادکردنی شاری هەولێری قەڵا و منارە لە ساڵی 1991.
ڕێککەوتننامەی 11ی ئادار، کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕابەرایەتیی حەکیمانەی باوکی ڕوحیی نەتەوەیی، بارزانیی نەمر و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، وەک گەورەترین دەستکەوتی سیاسی و یاسایی لە مێژووی هاوچەرخماندا دەدرەوشێتەوە، ئەم ڕێککەوتنە بۆ یەکەمجار ڕژێمی عێراقی ناچار کرد ملکەچی ئیرادەی پێشمەرگە بێت و بە فەرمی دان بە بوونی نەتەوەی کورد و مافە ڕەواکانیدا بنێت، ئەمڕۆش هەر ئەو بەڵگەنامە مێژووییە، بنەمای یاسایی و سیاسیی ئەو قەوارە دەستوورییەیە کە خاوەنیەتی.
لە درێژەی ئەو کاروانە پڕ سەروەرییەدا، لە 11ی ئاداری 1991، جەماوەری قارەمانی شاری هەولێر بە ئیلهام وەرگرتن لە ڕۆحی بەرگریی شۆڕشی ئەیلوول و بە نەخشەسازیی ورد و مەیدانیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و بەرەی کوردستانی، مێژوویەکی نوێیان تۆمار کرد، ئازادکردنی شاری هەولێر و پاککردنەوەی لە دامودەزگا داپلۆسێنەرەکانی بەعس، تەنها ئازادکردنی شارێک نەبوو، بەڵکو گەڕاندنەوەی شکۆ و بڕیاری سیاسی بوو بۆ باوەشی نیشتمان و کردنی هەولێر بە چەقی دیپلۆماسی و ناوەندی بڕیاری نەتەوەیی.
ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لەکاتێکدا ئەم یادە مەزنانە بەرز ڕادەگرین، جەخت لەوە دەکەینەوە کە پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی 11ی ئادار، ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانیی هەر تاکێکی کوردە لە هەر کوێی ئەم جیهانە بێت، ئێمە لە ڕەوەندی کوردستانی، خۆمان بە سەربازی ونی پاراستنی ئەم دەستکەوتانە دەزانین و بەڵێن دەدەین کە وەک پردێکی بەهێز، دەنگی ڕەوای گەلەکەمان و سیمای شارستانیی هەولێری پایتەخت بە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان بگەیەنین.
لە ساڵیادی ئەم دوو بۆنە پیرۆزەدا، سەری ڕێز بۆ شەهیدانی نەمر دادەنەوێنین و بەڵێنی وەفاداری بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی دووپات دەکەینەوە، بۆ ئەوەی پێکەوە کاروانەکەمان بەرەو ئاسۆی سەربەخۆیی و گەشەسەندنی زیاتر ببەین.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.
شکۆمەندی بۆ شاری هەولێر و گەلی خۆڕاگری کوردستان.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
11ی ئاداری 2026

___

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا سەردانی کیێڤ دەکات

nusar1

ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی دامەزراند 

KDC

فدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردستانی و ناوەندی ڕاینە بەشداری ڕێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری کۆمەڵەی کوردییان کرد

nusar1