لیژنەیەکی باڵای پەرلەمانی بەریتانیا هۆشدارییەکی تووند دەداتە حکومەتی وڵاتەکەی و رایدەگەیەنێت کە سیستمی پەنابەری بەتەواوی لە کۆنترۆڵ دەرچوو، هاوکات وەزارەتی نێوخۆی وڵاتەکە بە توندی رەخنەی لێدەگیرێت بەوەی ئاگاداری چارەنووس و شوێنی ئەو پەنابەرانە نییە کە داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە.
جێفری کلیفتن براون، سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانیی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پەنابەران تەنیا پشتی بە چارەسەرە کورتخایەنەکان بەستووە و نەیتوانیوە ستراتیژییەتێکی بنەڕەتی و درێژخایەن دابڕێژێت، لە راپۆرتەکەی لیژنەکەدا، وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا (هۆم ئۆفیس) رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەتەوە، بەتایبەتی لە پرسی لاوازیی چاودێرکردنی ئەو کۆچبەرانەی کە مافی مانەوەیان پێنادرێت، بەپێی بەدواداچوونەکان، وەزارەتەکە توانای چاودێرکردنی ئەو کەسانەی لەدەستداوە و هیچ زانیارییەکی نییە لەسەر ئەوەی دوای رەتکردنەوەی مامەڵەکانیان لە چ شوێنێکی ناو خاکی بەریتانیادا دەمێننەوە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باس لە قەبارەی زیانە داراییەکان و بارگرانییەکان کراوە و ئاشکرای دەکات کە تێچووی مانەوە و حەواندنەوەی پەنابەران لەناو هۆتێلەکاندا گەیشتووەتە 4 ملیار و 900 ملیۆن پاوند، لەپێناو رێگریکردن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، لیژنەکە بەپەلە داوا دەکات پێداچوونەوەیەکی ورد و هەمەلایەنە بە سەرجەم ئەو گرێبەستانەدا بکرێت کە لەگەڵ هۆتێلەکان واژۆ کراون.
قەیرانی پەنابەران یەکێکە لە گەورەترین ئاڵەنگارییەکانی بەردەم حکومەتی بەریتانیا. بەهۆی زۆریی لێشاوی کۆچبەران لەڕێگەی نۆکەندی ئینگلیز و خاوی لە یەکلاییکردنەوەی داواکارییەکانیاندا، حکومەت ناچار بووە پەنا بۆ بەکرێگرتنی هۆتێلەکان ببات، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی فشارێکی گەورەی دارایی و کارگێڕی لەسەر وڵاتەکە.
