KDC

 زیاتر لە 16 هەزار پەنابەر لە بەریتانیا لە یەکگرتنەوەی خێزان بێبەش کراون

بە بڕیارێکی حکومەتی بەریتانیا بۆ هەڵپەساردنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی خێزانی، زیاتر لە 16 هەزار پەنابەر ناتوانن بە کەسوکاریان شاد ببنەوە.

ئەم بڕیارە نەخوازراوە وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و منداڵان لە ناوچەکانی ململانێ و جەنگدا گیر بخۆن، یاخود بۆ گەیشتن بە کەنارێکی ئارام لەوپەڕی نائومێدیدا پەنا بۆ قاچاخچییەکان و ڕێگە مەترسیدارەکانی مەرگ ببن.

ئەنجومەنی پەنابەران لە بەریتانیا ئاشکرای کردووە، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە، دوای ئەوەی حکومەت ڕێڕەوی یەکگرتنەوەی خێزانیی پەنابەرانی هەڵپەسارد، تا ئێستا نزیکەی 16,300 کەس لە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ گەیشتن بە خێزانەکانیان بێبەش کراون، بەپێی ئامارەکان، نۆ لەسەر دەی ئەو کەسانەی کە پێشتر مافی یەکگرتنەوەی خێزانیان پێدەدرا ژن و منداڵ بوون، بە جۆرێک مەزەندە دەکرێت لەناو ئەم ژمارە نوێیەدا 9,273 منداڵ و 5,835 ژن هەبن.

سەرەڕای ئەوەی پێشتر ئاماژە بەوە درابوو کە ئەم هەڵپەساردنە تەنها تا بەهاری ئەمساڵ دەخایەنێت، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە نەدراوە، کە وەک شادەماری ژیان وابوو بۆ هەزاران خێزانی لێکدابڕاو، لە بەرانبەردا، حکومەت باس لە ڕێڕەوی دیکەی سەلامەت و یاسایی دەکات، وەک پرۆسەی سپۆنسەریی کۆمەڵگەیی، کە تیایدا کۆمەڵگەکان هاوکاریی پەنابەران دەکەن بۆ دابینکردنی نیشتەجێبوون و کار، بەڵام سەرچاوەکانی وەزارەتی ناوخۆ پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەم سیستمە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا تەنها 1,000 کەسی هێناوەتە ناو وڵاتەکەوە، لە کاتێکدا لە ڕۆژێکی ئاساییدا سەدان پەنابەر لە ڕێگەی بەلەمی بچووکەوە دەپەڕنەوە.

ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی دەروونیی سەخت بۆ پەنابەران، ژنە پەنابەرێکی ئێرانی کە لەگەڵ دوو منداڵە تەمەن 21 و 16 ساڵانەکەی لە لەندەن دەژی، باس لەوە دەکات کە بەهۆی ئەم بڕیارەوە تووشی داڕمانێکی دەروونیی گەورە بووە، چونکە هاوسەرەکەی لە بارودۆخێکی زۆر مەترسیداردا لە ئێران ماوەتەوە، ئەو ژنە چوار ساڵ پێش ئێستا گەیشتووەتە بەریتانیا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ساڵ و نیوێکی پێچووە تاوەکو یەکەم چاوپێکەوتنی بۆ کراوە، نەیتوانیوە پێش دەرچوونی بڕیاری قەدەغەکردنەکە هاوسەرەکەی بهێنێتە لای خۆی، ئەو پێی وایە ئەمە ئەشکەنجەیەکی دەروونییە و پێشێلکارییەکی ڕوونی مافەکانی مرۆڤە کە خێزانەکان لێک دادەبڕێت و دوایین تریسکی ئومێدیان لەناو دەبات.

لای خۆیەوە، عیمران حوسێن بەڕێوەبەری کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی پەنابەران هۆشداری دەدات لەوەی، ڕێگە یاسایی و سەلامەتەکان ژیان ڕزگار دەکەن، ئەو دەڵێت ژنان و منداڵان لە وڵاتانی وەک سودان و ئەفغانستان بەهۆی نائومێدییەوە ناچار دەبن سواری بەلەمی بچووک ببن، چونکە هیچ دایک و باوکێک ژیانی منداڵەکەی لە دەریادا ناخاتە مەترسییەوە مەگەر ئەوەی ئەو شوێنەی لێی ڕادەکەن زۆر لە دەریاکە مەترسیدارتر بێت، ناوبراو داوا لە حکومەت دەکات بەپەلە ڕێڕەوی یەکگرتنەوەی خێزانی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی خێزانەکان بتوانن پێکەوە ژیانێکی نوێ بونیاد بنێنەوە.

لە وەڵامی ئەم ڕەخنانەدا، گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، پرۆژەیاسای نوێی کۆچ و پەنابەری چاکسازی لە یاساکانی مافی مرۆڤدا دەکات بۆ پاراستنی ئەوانەی بەڕاستی پێویستیان بە پاراستنە، لە هەمان کاتدا ڕێگری لە قۆستنەوەی سیستەمی پەنابەری دەکات، وەزارەتی ناوخۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ژێر سایەی چاکسازییەکانی حکومەتدا، یەکگرتنەوەی خێزانی چیتر شتێکی ئۆتۆماتیکی نابێت و ئەو کەسانەی دەیانەوێت خێزانەکانیان بهێننە بەریتانیا، دەبێت مەرجی زۆر توندتر جێبەجێ بکەن.

هەڵپەساردنی ڕێڕەوی یەکگرتنەوەی خێزانی، کە پێشتر مافێکی یاسایی بوو بۆ ئەو کەسانەی مافی پەنابەرییان پێدەدرا تاوەکو هاوسەر و منداڵەکانی خوار تەمەن 18 ساڵیان بهێنن، بەشێکە لە زنجیرەیەک سیاسەتی نوێ و توندی حکومەتی بەریتانیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆچبەران و ڕێگریکردن لە پەڕینەوەی نایاسایی لە نۆکەندی ئینگلیز، ئەم گۆڕانکارییانە مشتومڕێکی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی بەریتانیا دروستکردووە، بەو پێیەی ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ پێیان وایە داخستن و سەختکردنی ڕێگە یاساییەکان نەک هەر کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو هاندەرێکی سەرەکییە بۆ گەشەسەندنی بازرگانیی قاچاخچییەکان و خستنە مەترسیی ژیانی هەزاران کەسی بێدەسەڵات لە دەریاکاندا.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7/

___

فیدراسیۆنی سویسرا بەشداری مەراسیمی ماتەمینی دی کرانس مۆنتانایان کرد

Harmn

هێزە ئەمنییەکانی ئێران نووسەر و شاعیرێکی خەڵکی مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دەستگیرکرد

KDC

پەنابەره‌ عێراقییه‌كان لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس-پۆڵەندا بوونەتە قوربانیی ململانێی سیاسیی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و بێلاڕووس

KDC