سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کارەساتی شنگال، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ خواست و داواکارییەکانی خوشک و برا ئێزیدییەکان دووپات کردەوە.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش 12 ساڵ لەمەوبەر ئەنجامیان دا، ئازارێکە بۆ تاهەتایە لە یادەوەریی گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە و جەختی کردەوە کە ئەو دۆخە نائاسایی و سەپێنراوەی ئێستا لە شنگال هەیە تا سەر نابێت.
لە پەیامەکەدا هاتووە کە ئێزیدییەکان بەهۆی ڕەسەنایەتی، کوردبوون و بیروباوەڕی ئایینییانەوە ڕووبەڕووی ئەو جینۆسایدە بوونەتەوە، کە درێژەکراوەی ئەو زنجیرە کارەساتانە بوو لە مێژوودا دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون.
سەرۆک بارزانی سڵاوی بۆ گیانی قوربانیان نارد و ستایشی قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد کە بە خوێنی خۆیان ئەفسانەی داعشیان تێکشکان و ڕێگرییان کرد تیرۆریستان دەستیان بە چیای شنگال بگات، هەروەها سوپاسی هاوکارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و هاوسۆزیی خەڵکی کوردستانی کرد.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی داوای لە پێکهاتەی ئێزیدی کرد بۆ مسۆگەرکردنی پاشەڕۆژێکی گەش، یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوە بن کە ئاوارەکان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان و قەرەبووی هەموو ئەو زیان و ئازارانەیان بۆ بکرێتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەسەریان هاتووە.
ئەمە دەقی پەیامەکەیە:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش دوازدە ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا ئازارێكە بۆ تاهەتایە لە یادی كوردستانیاندا دەمێنێتەوە. ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و ڕەسەنایەتی و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و ڕەفتاری نامرۆڤانەی تیرۆریستانی داعش و جینۆساید كران. ئەو تاوانەی لەسەر دەستی داعش لە دەڤەری شنگال ئەنجام درا درێژەكراوەی ئەو زنجیرە كارەسات و كۆمەڵكوژی و تاوانانە بوو كە بە درێژایی مێژوو دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون.
لە دوازدەهەمین ساڵیادی ئەو كارەساتەدا، سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە، سڵاو بۆ دلێری و چاونەترسیی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كە لەسەر چیای شنگال مانەوە و ڕێگەیان نەدا دەستی تیرۆریستان بە چیای شنگال بگات، سڵاو بۆ وەفا و ئازایەتیی هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كە بۆ شكاندنی ئابڵۆقەی چیای شنگال و ئازادكردنی شاری شنگال خوێنیان بەخشی و ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند. هەروەها پڕ بە دڵ سوپاسگوزاریی خۆمان ئاڕاستەی هەموو تاکێکی سەربەرزی کوردستان دەکەین، کە وەک یەک جەستە هاوسۆز و هاوخەمی خوشک و برایانی ئێزیدی بوون، لەگەڵ ڕێز و سوپاسی زۆرمان بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان کە ڕۆڵی دیاریان بینی لە یارمەتیدانی پێشمەرگە و پاشەکشەپێکردن و تێکشکاندنی تیرۆریستاندا.
لە یادی ئەو كارەساتەدا بۆ خوشك و برایانی ئێزیدی دووپاتی دەكەمەوە كە بە هەموو توانایەك پشتیوانی خواست و داواكارییەكانیانم. داواشیان لێ دەكەم لەپێناو مسۆگەركردنی دواڕۆژی گەش، لەناوخۆیاندا یەكڕیز بن و هیوایان بە پاشەڕۆژ هەبێت. بێگومان، ئەو دۆخە سەپێنراو و نائاساییەی لە شنگالدا هەیە، تا سەر نابێت و دەبێت خوشک و برا ئێزیدییەکانمان بە سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان و قەرەبووی زیان و ئازارەكانیان بكرێت.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شنگال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان
مسعود بارزانی
3ی ئابی 2026

