لە پەرلەمانی شلیسڤیگ-هۆڵشتاینی ئەڵمانیا سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی بەشداریی مەراسیمی نەورۆزی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو هەرێمە کۆبووەوە
لە هەنگاوێکی دیپلۆماسی و کولتووریدا، شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی، سەردانی پەرلەمانی هەرێمی شلیسڤیگ-هۆڵشتاینی لە وڵاتی ئەڵمانیا کرد، وێڕای بەشداریکردنی لە مەراسیمێکی فەرمیی جەژنی نەورۆز لە نێو تەلاری پەرلەمان، ناوبراو لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکوومی و پەرلەمانیی ئەو هەرێمە کۆبووەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی رەوشی رەوەندی کوردی و بەهێزکردنی پەیوەندییە کلتووری و مەدەنییەکانی نێوان هەردوولا.

لە میانی سەردانەکەیدا بۆ پەرلەمانی هەرێمەکە، سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ تۆبیاس کۆخ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) لە پەرلەمان ئەنجام دا، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر کار و چالاکییەکانی رەوەندی کوردستانی، وەک یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵگەکانی تاراوگە لە ئەڵمانیا، لای خۆیەوە شفا بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئامۆژگاریی بەردەوامیان بۆ کوردانی تاراوگە ئەوەیە کە رێز لە یاساکانی وڵاتی میواندار بگرن، هەروەها داوای کرد کە هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان هەردوولا هەبێت لە بوارەکانی کولتووری، پەروەردەیی و پشتگیریکردنی چالاکییە مەدەنییەکان، هاوکات سوپاسی حکوومەتی ئەڵمانیای کرد کە هەمیشە پاڵپشتیی گەلی کوردی کردووە بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی ئاشتییانە گوزارشت لە کلتووری خۆیان بکەن.
لە بەرامبەردا، سەرۆکی فراکسیۆنی (CDU) بە تەواوی پشتگیریی خۆی بۆ کار و چالاکییەکانی رەوەندی کوردستانی دەربڕی، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە بۆ 4چوارەمین جارە لە رێگەی پەرلەمانتاری کوردەوە فراکسیۆنەکەیان ئاهەنگی نەورۆز لە ئەڵمانیا بەڕێوە دەبات، هەروەها جەژنی نەورۆزی وەک سەمبولی سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکیدا وەسف کرد و خواستی خۆی بۆ دروستکردنی تێکەڵاوی و لێکتێگەیشتنی زیاتر لەگەڵ گەلی کورد و رەوەندی کوردستانی نیشان دا، بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری زمان و کلتووری کوردی.
دوای کۆبوونەوەکان، مەراسیمێکی تایبەت بە پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە نێو تەلاری پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، لە مەراسیمەکەدا چەندین وتار پێشکەش کران، لەوانە وتاری سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی، سەرۆکی فراکسیۆنی (CDU) و وەزیری ناوخۆی هەرێمەکە.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی شلیسڤیگ-هۆڵشتاین لە وتارەکەیدا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە بۆ یەکەمین جارە بەشداری لە ئاهەنگی جەژنی نەورۆزدا دەکات و هیوای خواست کە ئاشتی و ئازادی باڵ بەسەر تەواوی جیهاندا بکێشێت.
ئامادەکارییەکانی ئەم مەراسیمە لەلایەن سەیران پاپۆ، پەرلەمانتاری ئەڵمانی بە رەچەڵەک کوردەوە رێکخرابوو، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی رەوەندی کوردستانی و کەسایەتییە دیارەکانی کورد ئامادەی بوون، وڵاتی ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە گەورەترین کۆمەڵگەی تاراوگەی کوردی تێدا دەژی، سازدانی بۆنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆز لە نێو دامەزراوە فەرمییەکان و ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی وەک پەرلەمان، نیشاندەری کرانەوەی زیاتری دامەزراوەکانی ئەڵمانیایە بەڕووی کلتووری کوردیدا و دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئاوێتەبوونی دروستی کوردان لەگەڵ کۆمەڵگەی میواندار، بەبێ لەدەستدانی ناسنامە نەتەوەییەکەیان.
