تیپی کوردستانی سەر بە ناوەندی فینلەندا لە خولی نەتەوەکانی فینلەندا بۆ ساڵی ٢٠٢٦ توانی پلەی دووەم بە دەست بێنێت، دوای ئەوەی بە زنجیرەیەک سەرکەوتن گەیشتە یاریی کۆتایی خولەکە.
تیپی کوردستانی سەر بە ناوەندی رەوەندی کوردستانی-فینلەندا، لە یاریی کۆتایی بەرانبەر تیپی غانا یاری کرد، بەڵام لە کۆتایی ٩٠ خولەکدا یارییەکە بە ئەنجامی ٥-٢ بۆ بەرژەوەندیی تیپی غانا کۆتایی هات، بەمەش غانا بوو بە خاوەنی نازناوی خولی نەتەوەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٦.
هەرچەندە تیپی کوردستان لە یاریی کۆتاییدا ئاستێکی باش و جێگیری پیشان دا، بەڵام نەیتوانی ئەنجامی یارییەکە بگۆڕێت. یاریزانانی تیپەکە بە هەموو توانای خۆیانەوە بەشدارییان کرد و توانای خۆیان پیشان دا، تا بۆ جاری دووەم بتوانن پلەی دووەمی ئەو خولە بە دەست بهێنن.
بەشداری تیپی کوردستان لەو خولە، تەنبا چالاکییەکی وەرزشی نەبوو، بەڵکوو هەنگاوێک بوو بۆ ناساندنی ناوی کوردستان، کەلتوور و ناسنامەی کوردی لەنێوان بەشداربووانی خولەکە.
لە هەمان کاتدا هەوڵ و ماندووبوونی دەستەی بەڕێوەبردنی تیپەکە و یاریزانەکان جێگەی سوپاس و پێ زانینە، چونکە توانرا ئاستێکی بەرز پیشان بدرێت و تیپەکە بگاتە قۆناغی کۆتایی خولەکە.
ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی- فینلەندا، پیرۆزبایی لە دەستەی بەڕێوەبەر و یاریزانان و هاندەرانی تیپی کوردستان دەکات و سوپاسی هەوڵ و پشتگیرییان دەکات. ناوەندەکە جەختی کردەوە، کە بەردەوام پاڵپشتی تیپەکە دەکات بۆ ئەوەی لە خولەکانی داهاتوودا بە ئاستێکی بەرزتر بەردەوام بێت و هەوڵی بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە بدات.

