ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-فینلەندا، لە دیدارێکیاندا لەگەڵ نوێنەرێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، نیگەرانی و داواکارییەکانی ڕەوەندی کوردستانی لەبارەی بارودۆخی ناوچەکە و هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان گەیاندە وەزارەتی دەرەوەی فینلەندا.
شاسوار بیلال بەرپرسی پەیوەندییەکانی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-فینلەندا، دیدارێکی لەگەڵ سیمۆ ڕیستۆڵاینێن (Simo Ristolainen) ئەندامی یەکەی وەزارەتی دەرەوەی فینلەندا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دا.
لەو دیدارەدا، سیروان سابر، سولەیمان سولەیمان و کاروان جەمیل، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-فینلەندا، بەشدارییان کرد و تێیدا باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان فینلەندا و هەرێمی کوردستان و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی ئەم دواییانەی سەر هەرێمی کوردستان کرا.
ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-فینلەندا، لە داواکارییەکەیدا نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان گەیاند، بە
تایبەتی ئەو هێرشانەی کە شوێنە مەدەنییەکان دەبنە ئامانج.
لە داواکارییەکەدا هاتووە، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، زیاتر لە ١٠٠٠ هێرشی درۆنی و موشەکی ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراوە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ژمارەیەک شەهید و بریندار هەبوون.
هاوکات ناوەندەکە داوای لە حکوومەتی فینلەندا کردووە هێرشە ناڕەواکانی سەر هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئیدانە بکات و پشتگیریی زیاتر بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە بکات.
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە، کە هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگی لە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و لە ماوەی ڕووداوە سەختەکانی ناوچەکەدا هاوشانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی تیرۆر بەشدار بووە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، داوا کرا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی فینلەندا و هەرێمی کوردستان فراوانتر بکرێت و نوێنەرایەتییەکی فەرمی لە هەرێمدا بکرێتەوە و پەیوەندییەکان لە بواری بازرگانی و کۆمەڵایەتیی پەرەیان پێ بدرێت و هاندانی کۆمپانیا و سەرمایەدارانی فینلەندی بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان بکرێت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی فینلەندا هەڵوێستی ئەرێنیی حکوومەتی وڵاتەکەی بەرانبەر بە پشتیوانی لە ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی سەقامگیر، دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، کە فینلەندا هەموو هێرشەکان لەسەر وڵاتانی ناوچەکە، لەوانە هەرێمی کوردستان و عێراق، سەرکۆنە دەکات.
هەروەها ڕوونی کردەوە کە حکوومەتی فینلەندا بە دیدێکی ئەرێنییەوە لە پەیوەندییە بازرگانییەکان دەڕوانێت و دەنگی ڕەوەندی کوردی فینلەندا بەهەند وەردەگرێت.
ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی فینلەندا لە کۆتاییدا سوپاسی وەزارەتی دەرەوەی فینلەندای کرد بۆ گوێگرتن لە نیگەرانییەکانی ڕەوەندی کوردستانی و وەرگرتنی داواکارییەکانی.

