شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی لە سمیناری هاوبەشی نێوان فیدراسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانی و ڕێکخراوی خوێندکارانی بەلجیکا لە برۆکسل دووپاتی دەکاتەوە، گەنجانی کورد لە دیاسپۆرا دەبێت بە چەکی زانست و لێهاتووییەوە ببنە نوێنەری راستەقینەی گەلەکەیان و لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەوروپا پێگەی خۆیان بەهێز بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، لە شاری برۆکسل، پایتەختی بەلجیکا، سمینارێکی هاوبەش لە نێوان فیدراسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانی و ڕێکخراوی خوێندکارانی بەلجیکا لە هۆڵی زانکۆی برۆکسل بە ئامادەبوونی شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی رەوەندی کوردستانی بۆ قسەکردن لەبارەی گەنجان و چالاکییە ڕێکخراوەییەکان و پرۆسەی تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی ڕێکخرا.
شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی، لە وتارێکیدا لەو سیمینارەدا ئاماژەی بەوە کرد کە، گەنجانی کورد لە دیاسپۆرا دەبێت بە چەکی زانست و لێهاتووییەوە ببنە نوێنەری راستەقینەی گەلەکەیان و لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەوروپا پێگەی خۆیان بەهێز بکەن.
لە میانی سیمینارەکەدا، سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی تیشکی خستە سەر گرنگیی گۆڕانکاریی تاکەکەسی وەک بنەمایەک بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە و جیهان، بە پشتبەستن بە وتەی فەیلەسوفە گەورەکان کە پێیان وایە هەموو چاکسازییەک لە خودی مرۆڤ و لە قوتابخانەکانەوە دەست پێ دەکات.
شفا بارزانی دەستخۆشی لەو هەزاران گەنجە کوردە کرد کە لە وڵاتانی دەرەوە توانیویانە پلە و بڕوانامەی بەرز بەدەستبهێنن و لە سیستمە سیاسی، کارگێڕی و ئەمنییەکانی ئەو وڵاتانەدا تێکەڵ ببن، ئەمەشی بە مایەی شانازی بۆ نەتەوەی کورد وەسف کرد.
سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان رێکخستنی تواناکانی گەنجان و خوێندکارانی کوردە لە چوارچێوەی فیدراسیۆنێکی تۆکمەدا، تاوەکو دوور لە پەرتەوازەیی و بەرژەوەندیی حیزبی، بتوانن خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەکەیان بکەن.
سەرپەرشتیاری گشتی رەوەندی کوردستانی باسی لەوەش کرد کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە رەوەندی کوردی وەک هێزێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ کار بکات.
شفا بارزانی ئاماژەی بە مێژوویەکی گرنگ کرد و بیری ئامادەبووانی هێنایەوە کە لە ساڵی 1957دا، مەلا مستەفا بارزانی رێنوێنیی قوتابیانی کوردی کردووە تەنیا بایەخ بە خوێندن بدەن، چونکە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە داهاتوودا پێویستی بە مرۆڤی زانا و پسپۆڕ دەبێت، داوای لە گەنجانی کورد کرد کە لە وڵاتانی خانەخوێ پابەندی یاسا بن و ببنە نموونەیەکی جوانی کوردایەتی، تاوەکو لەو رێگەیەوە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنن.
سەرپەشتیاری گشتی رەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، ئەرکی رێکخستنەوە و کۆکردنەوەی تواناکانی کوردانی تاراوگەی لە ئەستۆ گرتووە، هەوڵ دەدات پەیوەندیی نێوان نیشتمان و رەوەندی کوردی بەهێزتر بکات و سوود لە پسپۆڕی و لێهاتوویی کوردانی دەرەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان وەربگرێت، برۆکسل وەک ناوەندی بڕیاری یەکێتی ئەوروپا، یەکێکە لەو وێستگە گرنگانەی کە رەوەندی کوردستانی بایەخێکی تایبەتی پێ دەدات.

