KDC

دیوانە شیعری ئەڤینا من- ی کینیازێ مەجید بڵاوکرایەوە

 

لە شاری ئالمائاتا لە وڵاتی کازاخستان، شاعیری کورد کینیازێ مەجید نوێترین بەرهەمی شیعری خۆی بە ناوی ئەڤینا من بڵاوکردەوە. پەرتووکەکە کە لە 147 لاپەڕە پێکدێت، زیاتر ئەو شیعرانەی لەخۆ گرتووە کە بە زمانی کوردی نووسراون، لەگەڵ ئەوەشدا چەند پارچە شیعرێکی بە زمانەکانی کازاخی و ڕووسیشی تێدایە و وەک پردێکی کولتووری لە نێوان ئەو زمانانەدا دەبینرێت.

بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە نوێیە، مەراسیمێکی شایستە و قەشەنگ لە شاری ئالمائاتا بەڕێوەچوو، مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی عەزیزێ زیۆ بەدرخان سەرۆکی کوردانی کازاخستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕیشسپییان، نووسەران و ڕووناکبیرانی کورد سازکرا.

لە میانی چالاکییەکەدا، چەندین وتار سەبارەت بە وێستگەکانی ژیانی کینیازێ مەجید، ئەزموونی شیعریی و ناوەڕۆکی پەڕتووکە نوێیەکەی پێشکەش کران، خاڵی جێگەی سەرنجی مەراسیمەکە ئەوە بوو کە لەپاڵ ناساندنی پەرتووکەکەیدا، یادی 60 ساڵەی لەدایکبوونی ئەم شاعیرە کوردەش بەرز ڕاگیرا و تێکەڵ بە ئاهەنگی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەی کرا.

کینیازێ مەجید کە خاوەنی ئەزموونێکی درێژە لە بواری نووسینی شیعردا، لە بەرهەمەکانیدا زیاتر جەخت لەسەر بابەتەکانی خۆشەویستی، نیشتمانپەروەری، ئازایەتی، ڕۆڵی ژنان و پیاوانی کورد و هەستێکی قووڵی سۆزداری بۆ سروشتی زێدی باووباپیرانی دەکاتەوە.

شیعرەکانی ڕەنگدانەوەی ئازار و مێژووی ئەو باووباپیرانییەتی کە 100 ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەی سەرحەدەوە بەرەو قەوقاز کۆچیان کرد، پاشان بەهۆی نەهامەتییەکانی شەڕ و دەربەدەرییەوە ناچار بوون ڕێگەی تاراوگە بگرنەبەر تا گەیشتوونەتە ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتی کازاخستان.

کینیازێ مەجید لە ساڵی 1966 لە هەرێمی ئاراراتی ئەرمینیا لەدایکبووە، پێشینەی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شاری وان لە باکووری کوردستان، کە لەوێوە ڕووبەڕووی دوورخستنەوە و دەربەدەری بوونەتەوە، لە ساڵی 1989 بەدواوە، ئەم شاعیرە کوردە لەگەڵ خێزان و کەسوکار و خزمەکانیدا لە شاری ئالمائاتای وڵاتی کازاخستان نیشتەجێ بووە و لەوێوە بەردەوامی بە ژیان و خزمەتە ئەدەبییەکانی دەدات، بێ ئەوەی ڕەسەنایەتی و زمانی دایکی لەبیر بکات.

 

کارزان حەیدەر

Karzanhaedar1@gmail,com

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

009647504475408

___

سەرۆکی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەشداری سیمینارێک دەکات

Harmn

لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لە ڕووداوی کرێکارە پاککەرەوەکەی ماڵی سەرۆکوەزیران دەستی پێکرد

KDC

بە بۆنەی ساڵی نوێی کۆچی ، ناوەندی ڕەوەندی کوردی پەیامێک ئاڕاستەی موسڵمانان دەکات

KDC