KDC

لە زاخۆ بەڵگەفیلمی پێشوازیی مەرگ لەسەر شەڕی دژ بە داعش نمایش دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری لە زاخۆ بە هاوبەشی لەگەڵ لقی زاخۆی سەندیکای هونەرمەندان، مەڕاسیمێکی تایبەت بۆ نمایشکردنی بەڵگەفیلمی (پێشوازیی مەرگ) لە دەرهێنانی نەسرین عابدین ساز دەکات، کە تیشک دەخاتە سەر ڕووداو و نەهامەتییەکانی سەردەمی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش.

بەپێی کارنامەیەکی ڕاگەیەندراو، چالاکییەکە  سبەی چوارشەممە ڕێکەوتی 14ی 10ی 2026، لە کاتژمێر 4ی ئێوارە لە هۆڵی شارەوانیی زاخۆ بەڕێوە دەچێت و دەرگای ئامادەبوون بۆ سەرجەم هاووڵاتییان، هونەردۆستان و ڕۆشنبیران کراوە دەبێت.

بەڵگەفیلمی پێشوازیی مەرگ کارێکی دیکۆمێنتارییە و تیشک دەخاتە سەر قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە قوربانیدانی گەلی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، هاوکات چەندین گۆشەی نەبینراو و ئازارەکانی هاووڵاتییان و خەباتی هێزەکانی بەرگری لەو سەردەمەدا بە شێوازێکی هونەری بەبەڵگە دەکات.

فیلمی پێشوازیی مەرگ لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای ئامەد فیلمز و دۆکیۆدرامایە، بە پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ناوەندی میدیایی پێشمەرگەی زێرەڤانی و کوردستان تیڤی ئەنجام دراوە، لە بەرهەمهێنانی ئەم کارە سینەماییەدا، نزار میکائیل وەک بەڕێوەبەری وێنەگرتن، بیلال شاکر وەک مۆنتێر، ئیرڤ جۆنسن لە بەشی مۆسیقای ڕەسەن و محەمەد عابدین وەک یاریدەدەری دەرهێنەر بەشدارییان کردووە، هاوکات ئەندازیاریی دەنگ لەلایەن حەسەن محەمەدی، ڕێکخستنی ڕەنگ لەلایەن مەیسەم کەماڵی، ڕاوێژکاری مۆنتاژ لەلایەن هۆشیار ز. نێروەیی و وەرگێڕانی فیلمەکەش لەلایەن لاوین محەمەدەوە جێبەجێ کراوە.

لە دوای هێرشەکانی ساڵی 2014ی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کارەساتی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، دەرهێنەران و هونەرمەندانی کورد هەوڵێکی بەردەوامیان داوە بۆ بەدۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکان و بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە، ئەم جۆرە بەرهەمە سینەمایی و دیکۆمێنتارییانە جگە لەوەی دەبنە ئەرشیڤێکی مێژوویی زیندوو بۆ پاراستنی حەقیقەتی ڕووداوەکان، ڕۆڵێکی بەرچاویش لە گەیاندنی دەنگی قوربانییان بە ڕای گشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەگێڕن، زاخۆ وەک یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی بادینان، بەردەوام لە ڕێگەی چالاکییە کولتووری و هونەرییەکانیەوە گرنگی بە پانتایی سینەما و بەڵگەدارکردنی مێژووی هاوچەرخ دەدات.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7/

___

دادگای یەکێتی ئەوروپا: چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندی یەکگرتنەوەی خێزانە پەنابەرەکان دەردەکات

Harmn

چەند بەهرەمەندێکی کورد بە فیلمێکی دیکۆمێنتەری کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە نیشان دەدەن 

KDC

ئێران مەسیحییەکان لە خوێندن بێ بەش دەکات

KDC