لە گۆڕانکارییەکی سیاسیی گەورەدا بۆ پایتەختی ئەڵمانیا، پارتی چەپی ئەو وڵاتە ناسراو بە دی لینکە، لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی یەکشەممەی بەرلیندا سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا، بەپێی راپرسییەکانی بەردەم بنکەکانی دەنگدان، ئەم پێشڕەوییەی چەپەکان، ئەلیف ئێرالپی تەمەن 45 ساڵ و بەربژێری سەرەکیی پارتەکە دەکاتە بەهێزترین و نزیکترین کەسایەتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی شارەوانیی بەرلین.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، دی لینکە توانیویەتی نزیکەی 25%ـی دەنگەکان مسۆگەر بکات، ئەمەش گورزێکی پڕئازار بوو بۆ پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) بە سەرۆکایەتیی فرێدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا، کە بە بەدەستهێنانی نزیکەی 20%ـی دەنگەکان پاشەکشەی کرد بۆ پلەی دووەم، سەرکەوتنی دی لینکە وەک رووداوێکی بێوێنە لە مێژووی پایتەختدا دەبینرێت و نەخشەی هاوکێشە سیاسییەکانی شارەکە بە تەواوی دەگۆڕێت.
ئێرالپ، کە بە ڕەچەڵەک کچی خێزانێکی کۆچبەرە، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا خۆی وەک بەربەستێکی سەرەکی لە دژی هەڵکشانی پارتی راستڕۆی تووندڕۆی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا ناساندبوو، ناوبراو پێش دەنگدانەکە روونیکردبووەوە کە گەیشتنی کەسێک بە پاشخانی کۆچبەرییەوە بۆ لووتکەی دەسەڵاتی بەرلین، پەیامێکی یەکلاکەرەوە و بەهێز دەبێت بۆ پێکەوەژیان، هەروەها دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانیش لە ناو جۆشخرۆشی لایەنگرانیدا رایگەیاند کە لە بەرلیندا خۆشەویستی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەسەر رق و پەراوێزخستندا سەرکەوتووە.
چاودێران پێگەی سیاسیی ئێرالپ و هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییە چینایەتییەکان بەراورد دەکەن بە زۆهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک. ئێرالپ خۆیشی سەرکەوتنی مەمدانیی لە جەرگەی سیستەمی سەرمایەداریدا بە دەستکەوتێکی مەزن و نموونەیەکی ئیلهامبەخش بۆ بزووتنەوە چەپەکانی جیهان لە قەڵەم داوە.
لە رووی پڕۆژە و بەرنامەی کارییەوە، پارتی چەپ لەم هەڵبژاردنەدا پشتی بە داخوازییەکانی چینی کەمدرامەت بەستووە و بەڵێنی هەنگاوی رادیکاڵی داوە بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی شێتانەی کرێی خانووبەرە، لە سەرووی هەمووشیانەوە بەڵێنی مشتومڕاویی دەستبەسەرداگرتن و بەنیشتمانیکردنی ئەو شوقانەی کە لە ژێر دەستی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نیشتەجێبووندان.
سەرەڕای سەرکەوتنەکەی، ئێرالپ بۆ گەیشتن بە کورسیی سەرۆکایەتیی شارەوانی رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی قورس دەبێتەوە، ئەو پێویستی بە هاوپەیمانییەکی سێقۆڵی هەیە لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) و پارتی سەوز، کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی سوور-سوور-سەوزدا دەناسرێت. یەکەم بەربەستی بەردەم ئەم هاوپەیمانێتییە ناڕەزایەتیی ستیفن کڕاخ، بەربژێری سەرەکیی سۆسیال دیموکراتەکانە بەرامبەر پرسی دەستبەسەرداگرتنی شوقەکان کە بە تەواوی رەتیدەکاتەوە.
جگە لە پرسی ناوخۆیی، پارتی چەپ لە بواری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشدا ناکۆکیی قووڵی لەگەڵ پارتە باوەکاندا هەیە، بەتایبەت کە دی لینکە داوای چوونەدەرەوەی ئەڵمانیا لە پەیمانی ناتۆ دەکات و دژایەتیی خۆی بۆ هاوکارییە سەربازییەکانی ئۆکراینا راگەیاندووە، هاوکات لێدوان و هەڵوێستی هەندێک لە لقە ناوخۆییەکانی پارتەکە سەبارەت بە ئیسرائیل کاردانەوەی گەورەی لێکەوتووەتەوە، رووداوی مانگی ئابی رابردوو لە گەڕەکی نۆیکۆڵن، کاتێک لە ئاهەنگێکی هەڵبژاردنی پارتەکەدا بانگەواز بۆ راپەڕین و دژایەتیی سوپای ئیسرائیل کرا، شەپۆلێکی رەخنەی لەلایەن پارتەکانی دیکەوە لێکەوتەوە و لە میدیاکاندا پرسیاری ئەوە ورووژێنرا کە ئایا دی لینکە هاوبەشێکی شیاوە بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات یاخود نا، هەرچەندە ئێرالپ دواتر هەوڵیدا خۆی لەو گوتارانە بەدوور بگرێت و جەختی لە پاراستنی ژیانی سەلامەتی جووەکانی بەرلین کردەوە.
ئەلیف ئێرالپ رەگی لە خێزانێکی چەپەوەیە، دایک و باوکی لە تورکیا بەهۆی چالاکیی سیاسی لە بزووتنەوە سۆسیالیستییەکان و سەندیکاکاندا دووچاری راوەدوونان بوونەوە، تا لە ساڵی 1980 و هاوکات لەگەڵ کودەتا سەربازییەکەی ئەو وڵاتە بەرەو ئەڵمانیا هەڵاتن، لە کاتێکدا دایکی لە مانگی هەشتەمی دووگیانیدا بوو بە ئێرالپ.
ناوبراو لە شاری میونشن لەدایکبووە، لە هامبۆرگ بڕوانامەی لە یاسادا بەدەستهێناوە و ساڵانێکی زۆر وەک پارێزەر داکۆکیی لە مافەکانی کۆچبەران کردووە، پەیوەندیی فەرمیی ئەو بە کایەی سیاسیی بەرلینەوە لە ساڵی 2010ـەوە دەستیپێکرد کاتێک بووە کارمەندی فراکسیۆنی دی لینکە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا و لەو کاتەوە لە پایتەخت نیشتەجێ بوو. لە ئێستادا ئێرالپ لە گەڕەکی کرۆیزبێرگی بەرلین لەگەڵ هاوژینەکەی و دوو منداڵەکەی دەژی، هەمیشە وەک هێمایەک بۆ نزیکیی لە چینی هەژار و مامناوەند دووپاتی دەکاتەوە کە خێزانەکەی خاوەنی خانوو نین و هاوشێوەی زۆرینەی خەڵکی بەرلین ژیانیان بە کرێنشینی بەڕێدەکەن.

