لەنێو تەلاری پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، کۆنفرانسێکی فراوان بۆ تاوتوێکردنی دۆخی کورد، مەسیحییەکان و کەمە نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو، کە تێیدا پرسی ئازادیی بیروباوەڕ و ئەو هەڕەشانەی هێشتا لەسەر ئەم پێکهاتانە ماون، خرانە بەرباس.
لە کۆنفرانسەکەدا کە ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارانی ئەوروپی و کەسایەتییەکانی ڕەوەندی کوردستانی تێیدا بەشدار بوون، گفتوگۆی ورد دەربارەی جیۆپۆلەتیکی نەتەوەیی و پرسی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکە کرا. بەشێکی سەرەکیی کۆنفرانسەکە تەرخانکرا بۆ خوێندنەوەی وتاری سەرۆک مەسعود بارزانی کە لەلایەن جۆرجینا تیۆدیرۆسۆ، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپاوە پێشکەش کرا، لە وتارەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرایەوە وەک نەتەوەیەک کە ڕووبەڕووی ئاستەنگی جۆراوجۆر دەبێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاورینگ شاوەیس، بەرپرسی سەنتەری لۆبی لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی کورد چڕتر بکرێنەوە، ناوبراو ڕەخنەی لە سنووردارکردنی ئازادییەکان گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە دیموکراسی بەبێ بوونی ئازادییەکی ڕاستەقینە ناتوانێت گوزارشت لە ناوەرۆکی خۆی بکات، هەروەها فەرشید گاردەنی ئاماژەی بە بایەخی ئەم کۆبوونەوانە کرد لە کۆکردنەوەی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ دۆزی کورد.
وەک دەستکەوتێکی کردەیی، لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا بڕیاری دروستکردنی پلاتفۆرمێکی هاوبەش درا. ئەم پلاتفۆرمە دەبێتە ناوەندێک بۆ کۆبوونەوە و گەڕان بەدوای چارەسەری بۆ کێشەی تەواوی پێکهاتە و نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە جۆرێک کە نوێنەری پێکهاتەکان خۆیان تێیدا بەشدار بن و بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی ئاڵۆزی سیاسی و ئەمنیدا تێپەڕ دەبێت و پێکهاتە ڕەسەنەکانی ناوچەکە، بەتایبەت کورد و مەسیحییەکان، بەردەوام لەژێر مەترسیی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکاندان، پەرلەمانی ئەوروپا وەک ناوەندێکی بڕیاردانی نێودەوڵەتی، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەم جۆرە چالاکییانەوە فشار بخاتە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی گەرەنتیی زیاتر بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی.
