KDC

سەرۆک بارزانی: چەکی پێشمەرگە کەرامەت و مێژووی گەلی کوردستانە

لە وەڵامی ئەو لایەنانەی کە لەم بارودۆخە سیاسییەی ئێستادا لێکدانەوەی نادروست بۆ چەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە، چەکی پێشمەرگە تەنیا کەرەستەیەکی سەربازی و ئامرازێکی شەڕ نییە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە مێژوو و قوربانیدانەکانی گەلی کوردستان.


ڕۆژی چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026، سەرۆک بارزانی لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو بۆچوونە ناڕاست و لێکدانەوە هەڵانە خستەڕوو کە بەهۆی دۆخی سیاسیی تایبەتی ئەم دواییەوە لەسەر چەکی پێشمەرگە دەکرێن.

لە پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی بەبیری هەموو لایەکی هێناوەتەوە کە هێزی پێشمەرگە بەرهەمی خوێن، ڕەنج و فرمێسکی گەلی کوردستانە و لەدایکبووی ئەو قوربانیدانەیە، هەروەها تیشکی خستووەتە سەر ڕەهەندە مەعنەوییەکانی ئەو هێزە و ئاماژەی بەوە کردووە کە نابێت چەکی پێشمەرگە تەنیا وەک پارچەئاسن، جبەخانە یان ئامرازێکی شەڕکردن سەیر بکرێت، بەڵکو ئەو چەکە هەڵگری بەهای گەورەتری وەک مێژوو، فیداکاری، کەرامەت و بیروباوەڕی نەتەوەیەکە.

لە درێژەی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە ئەو چەکەی بەدەست هێزی پێشمەرگەوەیە، دەربڕی ئەو سۆز و پابەندییە قووڵەیە کە ئەو هێزە هەمیشە بۆ گەل، خاک و نیشتمانەکەی هەیبووە.


ئەم پەیامەی سەرۆک بارزانی لە کاتێکدایە کە هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی فەرمی و دەستووری، ناوە ناوە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا دەبێتە جێگەی مشتومڕ، سەرۆک بارزانی هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێشمەرگە سیمبولی نەتەوەیی و قەڵغانی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا، بۆیە نابێت پێگەکەی تێکەڵی ململانێ سیاسییە کاتییەکان بکرێت.

 

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:

ماوەیەكە بە هۆی ئەو بارودۆخە سیاسییە تایبەتەی هاتۆتە ئاراوە، هەندێ لایەن باس لە چەكی پێشمەرگە دەكەن و لەوبارەیەوە لێكدانەوەی هەڵە و بۆچوونی ناڕاست دەخەنەڕوو. لێرەدا پێویستە هەموو لایەك ئەوەیان لەبیر بێت كە پێشمەرگە لەدایكبووی خوێن و ڕەنج و فرمێسكی گەلی كوردستانە. چەكی پێشمەرگە، پارچەئاسن و جبەخانە و ئامرازی شەڕکردن نییە. چەكی پێشمەرگە مێژوو و فیداكاری و كەرامەت و بیروباوەڕیەتی. چەكی پێشمەرگە ئەو سۆز و پابەندبوونەیە كە هەمیشە بۆ گەل و خاك و نیشتیمانەكەی هەیەتی.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

 

___

ئەڵمانیا: بانگەواز بۆ ڕێپێوانی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران

Harmn

رێژەی بێکاری لە سنە دووبەرانبەری کۆی گشتی ئێرانە

KDC

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا داوای ڕاگرتنی شەڕی ئۆکرانیا دەکات

Harmn