KDC

شاندێکی ڕەوەندی کوردستانی و پەرلەمانتارێکی لۆکسمبۆرگ پرسی کردنەوەی نوێنەرایەتیی بازرگانی لە هەولێر تاوتوێ دەکەن

بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد لە ئەورووپادا، شاندێکی ناوەندی ڕەوەندی کوردستان لە وڵاتی لۆکسمبۆرگ لەگەڵ پۆڵ گالیس، ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.

لە دیدارەکەدا چەندین پرسی ستراتیژیی گرنگ، لەوانە ناساندنی تاوانەکانی جێنۆساید دژی گەلی کورد، مافی چارەی خۆنووسین، و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و کولتوورییەکانی نێوان لۆکسمبۆرگ و هەرێمی کوردستان بۆ قۆناغی داهاتوو خرانە ڕوو.

بەپێی زانیارییەکان، شاندەکەی ناوەندی ڕەوەندی کوردستان بە سەرپەرشتی ئەسکەندەر تەمۆ، سەرۆکی ناوەندەکە پێکهاتبوو لە نوێنەرانی گرووپی گەنجانی کورد کە پێکهاتبوون لە عەبدولڕەحمان محەممەد و ئامێز ئینگل، هەروەها نوێنەرانی گرووپی ژنانی کورد دکتۆرە نیگار عەلی حوسێن و هێڤین محەممەد، لەگەڵ شێخۆ عەبدۆ ئەندامی ناوەندەکە، شاندەکە لەگەڵ پۆڵ گالیس، ئەندامی پەرلەمانی لۆکسمبۆرگ لە پارتی سی ئێس ڤی کە گەورەترین پارتی سیاسییە لە پەرلەمان و پێکهێنەری حکومەتە، هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی پایتەختە، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.

لە کۆبوونەوەکەدا دەرفەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە هەستیارانەی کە پەیوەندییان بە ڕەوەندی کوردییەوە هەیە لە سەرانسەری جیهاندا درا، شاندە کوردییەکە تیشکیان خستە سەر مافە ڕەواکانی گەلی کورد، لەوانەش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، هەروەها داوای ناساندنی فەرمیی تاوانەکانی جێنۆسایدی هەڵەبجە، شاڵاوەکانی ئەنفال و کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدییان کرد.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، پرسی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان لۆکسمبۆرگ و هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووری و کولتوورییەوە خرایە بەرباس، بیرۆکەی کردنەوەی نوێنەرایەتییەکی بازرگانیی لۆکسمبۆرگ لە شاری هەولێر و ڕێکخستنی سەردانی دیپلۆماسیی ئاستبەرز لە داهاتوودا وەک هەنگاوی کرداری پێشنیاز کران، هاوکات داوا کرا گرووپێکی دۆستایەتیی کوردی و لۆکسمبۆرگی لە ناو پەرلەمانی ئەو وڵاتە پێکبهێنرێت، لەگەڵ بەفەرمی ناساندنی جەژنی نەورۆز وەک بۆنەیەکی گرنگی کولتووریی کوردانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە.

لای خۆیەوە، پەرلەمانتارە لۆکسمبۆرگییەکە گرنگییەکی زۆری بە کوردستان دا و بەشدارییەکی کارای لە گفتوگۆکانی تایبەت بە کولتوور، ئایین، زمان و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتە جیاوازەکان لە کوردستان کرد، شاندەکە جەختیان لەسەر مافی بڕیاردانی چارەی خۆنووسین کردەوە و هیوایان خواست ئەم داواکارییانە بگەیەنرێنە سەرکردایەتیی پارتەکەی و پەرلەمانی وڵاتەکەیان.

 

 

هەر لە چوارچێوەی دیدارەکەدا، پرسی پەنابەرە کوردەکانی نیشتەجێی لۆکسمبۆرگ کە لە وڵاتانی سووریا، ئێران و تورکیاوە چوونەتە ئەو وڵاتە، بە گرنگییەوە قسەی لەسەر کرا، شاندەکە داوایان کرد کەیسەکانیان بە چاوێکی مرۆییانە و بە وردی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەتایبەت بەهۆی ئەو ئاستەنگە بەردەوامانەی کە تا ئێستاش ڕووبەڕووی زۆرێک لە کوردان دەبنەوە.

کۆبوونەوەکە بە کەشێکی ئەرێنی و پڕ لە ڕێزگرتنی دوولایەنە کۆتایی هات و وەک دەستپێکێکی زۆر باش و هاندەر بۆ دروستکردنی هاوکاریی زیاتر لە داهاتوودا وەسف کرا.

ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی ئەورووپا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی کارای گێڕاوە لە ناساندنی دۆزی کورد و دروستکردنی لۆبیی دیپلۆماسی، وڵاتی لۆکسمبۆرگ، وەک یەکێک لە وڵاتە دامەزرێنەرەکانی یەکێتیی ئەورووپا و خاوەن پێگەیەکی ئابووریی زۆر بەهێز کە داهاتی تاک تێیدا لە ڕیزبەندی 10 وڵاتە یەکەمەکانی جیهاندایە، دەتوانێت ڕۆڵێکی ستراتیژی بگێڕێت لە پشتیوانیکردنی گەلی کورد و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان. هەوڵەکانی ناوەندی ڕەوەندی کورد لەم وڵاتە بەشێکە لە ستراتیژییەتێکی فراوانتر بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی پرسە نەتەوەییەکان و پاراستنی مافی پەنابەرانی کورد لە تاراوگە.

___

بەلجیکا: ناوەندی برۆکسل کۆبوونەوەیەکی فراوانییان ڕێکخست

Harmn

گەنجەکانی دیاسپۆرا سەردانی سکرتاریەتی قوتابییان و لاوانیان کرد

Harmn

ڕاپرسییەک پارتی گەلی کۆماری پێش پارتەکەی ئەردۆگان دەکەوێت

Harmn