KDC

کایا کاڵاس: ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز عێراق بەرەو داڕمانی نێوخۆیی دەبەن

لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێتیی ئەورووپا هۆشدارییەکی تووند دەداتە عێراق و بە خاڵێکی لاوازی ناوچەکەی دەبینێت، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتییەکە، پێیوایە هەر پشێوییەک لە تەنگەی هورمز، راستەوخۆ ئابووریی عێراق دەخنکێنێت و دەرگای جەنگ و ململانێی نێوخۆیی بەڕووی ئەو وڵاتەدا دەکاتەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە رەوشی ناوچەکە و ئاییندەی عێراق لە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کایا کالاس نیگەرانیی قووڵی یەکێتیی ئەورووپای بەرانبەر بە چارەنووسی عێراق دەربڕی، ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەورووپا پێیوایە دۆخی ئێستای عێراق مایەی تێڕامان و ترسێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە سایەی ئەو پێشهاتە مەترسیدارانەی لە ئێران و تەنگەی هورمزدا دەگوزەرێن.

کالاس جەخت لە وابەستەبوونی تەواوەتیی ئابووریی عێراق بە رێڕەوە ئاوییەکان دەکاتەوە و روونیدەکاتەوە کە داهاتی حکومەتی بەغدا بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، بەتەواوی پشتی بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە بەستووە. لە تێڕوانینی ئەوەوە، ئەگەر ئەو رێڕەوە ئاوییە تووشی هەر ئاستەنگییەک ببێت و حکومەت نەتوانێت خزمەتگوزارییەکان دابین بکات، ئەوا دروستبوونی پێکدادان و ململانێی خوێناوی لە نێوخۆی عێراقدا حاشاهەڵگر نابێت.

بۆ رێگریکردن لەم سیناریۆ مەترسیدارە، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئاشکرای دەکات کە لە ئێستادا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لەسەر هێڵی پەیوەندیی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، چونکە وەک خۆی ئاماژەی پێدەدات، ئەمە تەنیا کێشەی عێراق نییە، بەڵکو بووەتە خاڵی نیگەرانیی هاوبەشی تەواوی وڵاتانی هەرێمییش.

ئەم هۆشدارییە توندەی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە کە عێراق بە قۆناغێکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت، بڕیارە مانگی ئەیلوولی داهاتوو، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت و تاوەکو ئێستاش هیچ ئاسۆیەک بۆ درێژکردنەوە یان گۆڕینی شێوازی مانەوەی ئەو هێزانە روون نییە.

لە چوارچێوەی ئەم دۆخە ئاڵۆزە و بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە هەستیارانە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 13-07-2026 دەگاتە واشنتن بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەک کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا، کە تێیدا پرسی ئاسایشی ناوچەکە و ئاییندەی پەیوەندییە سەربازی و ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، تەوەرە سەرەکییەکانی سەر مێزی گفتوگۆکان دەبن.

 

___

بەهۆی سزاکانەوە نیوەی یەدەگی دراو زێڕی ڕوسیا بلۆککراوە

Harmn

سنووردارکردنی خێرایی: ئەوەی ئێستا لە سەر ڕێگا خێراکانی ” Autobahn ” ئەڵمانیا دەگۆڕدرێن

KDC

ئەبوغەیت ئیدانەی کردەوە تیرۆیستییەکەی هەولێر دەکات

Harmn