KDC

سوێد 37 هەزار دۆلار دەداتە ئەوانەی دەگەڕێنەوە نیشتمانیان

حکومەتی سوێد لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکانی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران و رێکخستنەوەی دیمۆگرافیای وڵاتەکەی، پڕۆژەیەکی نوێی خستووەتە گەڕ و نزیکەی 37 هەزار دۆلار دەداتە هەر پەناخوازێکی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە مەرجێک بە ویستی خۆی بگەڕێتەوە نیشتمانەکەی.

بەپێی بڕیارەکەی حکوومەتی سوێد، هەر کۆچبەرێکی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کە رازی بێت وڵاتەکە بەجێبهێڵێت، بڕی 350 هەزار کرۆنی سوێدی پێدەدرێت، کە دەکاتە نزیکەی 37 هەزار دۆلاری ئەمریکی، بۆ ئەم مەبەستەش دەسەڵاتی جێبەجێکردن بودجەیەکی گەورەی بە بەهای 1.3 ملیار کرۆن تەرخان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا، کاردانەوەکان بۆ ئەم دەستپێشخەرییە سنووردار بوون، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا تەنیا 171 کەس ئامادەییی خۆیان نیشانداوە کە ئەو بڕە پارەیە وەربگرن و بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.

پلانەکەی سوێد تەنیا لە پێدانی پارەدا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک رێکاری یاسایی و کارگێڕیی تووندیشی گرتووەتەوە. ستۆکهۆڵم بە فەرمی مافی مانەوەی هەمیشەیی هەڵوەشاندووەتەوە و پەنابەران ناچار دەکات سێ ساڵ جارێک مامەڵەی مافی مانەوەیان نوێ بکەنەوە، هاوکات لە مانگی ئابدا یاسایەکی نوێ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە کە تیایدا بۆ یەکەمین جار 900 کۆچبەر پێش ئەوەی مافی هاووڵاتیبوون وەربگرن، ناچار کران بەشداری لە تاقیکردنەوەیەکی توندی پەیوەست بە زمان، مێژوو و کولتووری سوێدیدا بکەن.

کابینەی ئێستای سوێد لە ساڵی 2022 بە بەڵێنی توندکردنەوەی سیاسەتەکانی کۆچ و رووبەڕووبوونەوەی تاوان دەسەڵاتی گرتە دەست، لەم چوارچێوەیەدا و لەگەڵ گەرمبوونی کێبڕکێی هەڵبژاردن، پارتی دیموکراتەکانی سوێد کە لایەنێکی راستڕۆی توندڕەوە، هەڵمەتێکی فراوانی لەسەر پاسەکانی گواستنەوەی گشتی دەستپێکردووە و کۆچبەرانی سۆماڵ دەکاتە ئامانج، لە نووسراوی بانگەشەکاندا بە ناڕاستەوخۆ داوا لە خەڵکی مۆگادیشۆ دەکرێت بیری نیشتمانی خۆیان بکەنەوە و ئەو هاوکارییە داراییە بقۆزنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان.

سوێد لە ساڵی 2015دا لە لووتکەی قەیرانی کۆچبەراندا پێشوازیی لە 163 هەزار داواکاریی پەنابەری کردبوو، بەوەش لەسەر ئاستی ئەورووپا لە پلەی دووەمی ئەو دەوڵەتانەدا بوو کە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانیان زۆرترین کۆچبەریان لەخۆگرتبوو، بەڵام پاش دە ساڵ و لە ساڵی 2025دا، رێژەی هاتنی پەناخوازان بۆ ئەو وڵاتە بە رێژەی 96% دابەزیوە.

ئەم گۆڕانکارییە لە وڵاتێکدا روودەدات کە ژمارەی دانیشتووانەکەی دەگاتە 10.6 ملیۆن کەس و نزیکەی دوو ملیۆنیان لە دەرەوە لەدایکبوون، ئێستا و تەنیا چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردنی گشتیی 13ـی ئەیلوول، دۆسیەی کۆچبەری بووەتە کارتی سەرەکیی ململانێ، راپرسییەکانیش کێبڕکێیەکی زۆر توند و نزیک لە نێوان بەرەی راستڕۆی فەرمانڕەوا و بەرەی چەپی نێوەڕاست بە سەرۆکایەتیی سۆسیال دیموکراتەکان پێشبینی دەکەن، کە چارەنووسی داهاتووی کۆچبەران لەو وڵاتەدا دیاری دەکات.

 

 

___

رووسیا و تاڵیبان کۆدەبنەوە

KDC

پێنتاگۆن: جەنگ لەگەڵ چین و روسیاجیهان بەرەو وێرانکاری دەبات

KDC

سلێمانی.. 13یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس بە چەند چالاکییەک کرایەوە

Karzan