KDC

خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی 2026 بە دادوەر ناڤی پیلای بەخشرا

لیژنەی نۆبڵی نەرویجی لە ئۆسلۆ بڕیاری دا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2026 ببەخشێتە ناڤی پیلای، کۆمیسیاری باڵای پێشووی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دادوەری ناوداری ئەفریقای باشوور، وەک ڕێزلێنانێک لە پێشینەی مێژوویی و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسای نێودەوڵەتی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان.

ئەمڕۆ هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیژنەی نۆبڵ بە فەرمی ناوی براوەی ئەمساڵی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە لەنێو 287 بەربژێردا، ناڤانیسێم پیلای بەهۆی دەستکەوتە بەرچاوەکانی لە پتەوکردنی کۆڵەکەکانی ئاشتی لە ڕێگەی دادپەروەرییەوە شایستەی ئەو خەڵاتە بەرزە بووە.

لە بەشێکی ڕاگەیێندراوی لیژنەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، لە سەردەمێکی پڕ لە جەنگ و تەنگژەدا کە بنەما مرۆییەکان ڕووبەڕووی پێشێلکاریی گەورە دەبنەوە، پێویستییەکی بەپەلە بە پاراستنی یاسای نێودەوڵەتی هەیە، دەستەی دادوەرانی نۆبڵ باسیان لەوەش کردووە کە ناڤی پیلای لە سەرجەم ئەرکە نێودەوڵەتییەکانیدا سەلماندوویەتی ئاشتیی بەردەوام تەنیا لە سایەی لێپرسینەوە و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکاندا دەستەبەر دەبێت.

ناڤی پیلای لە ساڵی 1941 لە خێزانێکی کەمدرامەت لە شاری دێربانی ئەفریقای باشوور لەدایکبووە، لە سەردەمی دەسەڵاتی جیاکاریی ڕەگەزی ناسراو بە ئاپارتاید، بووە یەکەم ژن لە هەرێمەکەی خۆیدا نووسینگەی یاسایی بکاتەوە و بە درێژایی دەیان ساڵ پێشەنگی داکۆکیکردن بوو لە زیندانییە سیاسییەکان و هەڵسوڕاوانی ئازادی.

دوای ڕووخانی ڕژێمی ئاپارتاید لە ساڵی 1995، پیلای وەک یەکەم ژنی ڕەشپێست لە مێژووی وڵاتەکەیدا دەستی بە کاری دادوەری کرد لە دادگەی باڵا، دواتریش بۆ ماوەی 8 ساڵ پۆستی دادوەر و سەرۆکی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکانی ڕواندای پێسپێردرا، کە لەو وێستگەیەدا ڕۆڵێکی بێوێنەی گێڕا بەوەی بۆ یەکەمین جار لە مێژووی دادگە نێودەوڵەتییەکاندا دەستدرێژیی سێکسیی وەک بەشێک لە تاوانی جینۆساید پێناسە کرد.

ئەم دادوەرە لە ساڵی 2003 چووە ڕیزی دادوەرانی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکان لە لاهای، لە نێوان ساڵانی 2008 تاوەکو 2014 وەک کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان خزمەتی کرد، لە قۆناغەکانی دواتریشدا، سەرپەرشتیاری چەندین لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی هەستیاری کردووە لەسەر پێشێلکارییە گەورەکان، بەوەش پێگەی خۆی وەک یەکێک لە بوێرترین پارێزەرانی ماف و یاسا لە مێژووی هاوچەرخدا تۆمار کردووە.

___

شاندێکی کۆنفدراسیۆن و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی سەردانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان کرد

Harmn

پەرلەمانتارە کوردەکەی رووسیا بۆ جاری حەوتەم بۆ ئەندامی پەرلەمان سەرکەوتنی بەدەستهێنا

Karzan

دەنیز ئونداڤی ئەستێرەی کورد ئەڵمانیا دەگەیەنێتە قۆناغی دووەمی مۆندیالی 2026

Karzan