ژمارە 5ی گۆڤاری ڕەوەند تایبەت بە وەرزی زستانی 2026 لە تاراوگە بڵاوکرایەوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بکەوێتە بەردەستی خوێنەرانی کورد لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا.
ئەم ژمارەیەی گۆڤارەکە کە سەرنووسەرەکەی خاتوو هەرمن ئەحمەدە، بە چاپ گەیەندراوە و بابەتەکانی بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی، هەروەها بنەزارەکانی کەلهوڕی و هەورامی و زازاکی و بادینی داڕێژراون، ناوەڕۆکی گۆڤارەکە چەندین بابەتی گرنگی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کلتووری، زانستی و هونەری لەخۆ گرتووە، هاوکات دید و بۆچوونی ژمارەیەک شارەزای لە بوارە جیاوازەکاندا تێیدا خراوەتە ڕوو.
جێی باسە، کاری دیزاینی لەلایەن دامەزراوەی کوردستان کڕۆنیکەڵەوە بە شێوازێکی سەردەمیانە جێبەجێ کراوە، کە ئامانج لێی خزمەتکردنە بە ڕەوەندی کوردی و هێشتنەوەی پردی پەیوەندییە لە نێوان تاراوگە و نیشتماندا.
