KDC

لە ئەڵمانیا پێنجەمین ڕۆمانی نووسەری کورد وەجیھە عەبدولڕەحمان بڵاوکرایەوە

لە چوارچێوەی چالاکییەکی کولتووریی تایبەت بە ڕەوەندی کوردی لە شاری ئێسنی وڵاتی ئەڵمانیا، ڕۆماننووسی کوردی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، وەجیھە عەبدولڕەحمان، پێنجەمین بەرھەمی ڕۆماننووسیی خۆی بە ناوی گۆڕنەباش بە خوێنەران ئاشنا کرد و بۆ ئامادەبووان واژۆی لەسەر کرد.

لە میانی چالاکییەکەدا کە ژمارەیەک لە کوردانی دیاسپۆرا تێیدا ئامادە بوون، چەند بەشێک لە ڕۆمانە نوێیەکە خوێندرایەوە و گفتوگۆیەکی کراوەش لەبارەی ناوەڕۆکەکەی و پرسی نووسین لەنێوان نووسەر و ئامادەبوواندا بەڕێوەچوو.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ناوی گۆڕنەباش بۆ ڕۆمانەکەی، نووسەر ڕوونکردنەوەی داوە کە ناوەکە لە کەلەپوور و باوەڕە کۆنەکانی کوردیدا سەرچاوەی گرتووە، گۆڕنەباش لە فەرهەنگی کوردیدا ئاماژەیە بۆ بوونەوەرێک یان ئاژەڵێکی ئەفسانەیی کە گۆڕەکان هەڵدەداتەوە و لاشەی مردووەکان دەخوات، بەڵام لەم ڕۆمانەدا ناوەکە وەک هێمایەک بەکارهێنراوە نەک بە مانا حەرفییەکەی.

ڕۆمانەکە بە زمانی عەرەبی نووسراوە، بەڵام نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناوەڕۆک، پاڵەوانەکان و ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەی بەتەواوی کوردین، ئامانجی سەرەکیی ئەم بەرھەمەش دۆکیومێنتکردن و بەئەرشیڤکردنی مێژوو، کەلتوور و بەسەرهاتەکانی گەلی کوردە لە ڕێگەی گێڕانەوەوە، وەک چۆن لە تەواوی بەرھەمەکانی پێشووی و تەنانەت شیعرەکانیشیدا خەمی نەتەوەیی و کوردستانی ڕەنگدانەوەی تەواوی هەبووە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێکی زۆر لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد لە رۆژئاوای کوردستانەوە ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە. سازدانی ئەم جۆرە چالاکییە کولتوورییانە لە تاراوگە، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەیەکگەیاندنەوەی ڕەوەندی کوردی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، هاوکات، بەکارهێنانی زمانەکانی دیکە وەک عەرەبی لەلایەن نووسەرانی کوردەوە، بووەتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ گەیاندنی ئێش، ئازار و مێژووی کورد بە نەتەوەکانی دیکە و بەرفراوانکردنی بازنەی خوێنەرانی بەرھەمە کوردییەکان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

___

ئەڵمانیا: فدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان بەشداریی ئاهەنگی زێڕین PSKیان کرد

Harmn

ژنە چالاکوانێکی کوردە لە لایەن ئیتڵاعاتەوە دەستگیر دەکرێت

KDC

ئین تۆمبۆر: کاتی ئەوە هاتووە دان بە مافە ڕەواکانی کورددا بنرێت و بپارێزرێن

Karzan