نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، بەشداری فیستیڤاڵی نەورۆزی لە ناشڤیلی ئەمریکا کرد و تێیدا وتاری خوێندەوە.
ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٤ی٤ی٢٠٢٥، ئەنجوومەنی کوردەکانی ناشڤیل، کە ئەندامی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانین، بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز لە ژێر دروشمی ”نەورۆزی ئازادی و خاکیپۆشان”، فێستیڤاڵێکی جەماوەرییان بەڕێوە برد، کە تێیدا رەحیم رەشیدی وتاری نوێنەرایەتی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی خوێندەوە، وێڕای گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک مەسعود بارزانی بە ئامادەبووان، بە بیریهێنانەوە، کە جەنابیان پێداگرە کوردستانییان لە ژێر چەتری ڕەوەندی کورستانی بە دوور لە حیزبایەتی تێکۆشانی خۆیان پەرەپێبدەن و لەو مەیدانەدا تواناکانیان بۆ خزمەت بە کوردستان یەکبخەن.
مستەر کورد لە وتارەکەیدا پەرژایە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەم بەستێنەدا باسی لە هەلومەرجی هەموو بەشەکانی کوردستان کرد و هەموو لایەکی دڵنیا کردەوە، کە کۆنفیدراسیۆن لە هەموو جێگایەک دەنگ و رەنگی خەباتی رەوای کوردستانییانە بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی.
نوێنەری کونفیدراسیۆن داوای لە ئامادبووان کرد، کە کولتور و چاندی خۆیان بپارێزن و خۆیان بۆ پشتیوانی لە کوردستان تەیار بکەن و بە وردی چاودێری ئەو ئاڵوگۆڕانە بکەن لە ناوچەکە لە ئارادایە.
رەشیدی وێرای بەرزنرخاندنی نەورۆزی خاکیپۆشان لە رۆژهەڵات، سڵاو و دروودی بۆ نەورۆزی خاکیپۆشان نارد، هاوکات پرۆسەی ئاشتی لە باکوور بە هەنگاوێکی گرنگ و چارەنووسساز وەسف کردو هیوای خواست تورکیا لەم بەستێنەدا نیازپاکی خۆی پتر نیشان بدات.
هاوکات پشتیوانی کۆنفیدراسیۆنی بۆ دۆزی ڕەوای کوردستان لە ڕۆژئاڤا دەربڕی و لە لایەکی دیکەوە ئامادەبوونی نوێنەری وڵاتانی بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز بە پایتەختی نەورۆز لە شاری ئاکرێ باشووری وڵات بە نیشانەی پێشڤەچوونی دۆزی کوردستان لێکدایەوە.
شیاوی باسە، کە وتاری نوێنەری کۆنفیدراسیۆن لەگەڵ پێشوازیی گەرمی ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە ڕوبەڕوبویەوە