KDC

یەکێتیی ئەوروپا سیستەمێکی نوێ و توندتر بۆ پەناخوازان جێبەجێ دەکات

یەکێتیی ئەوروپا گەورەترین و گشتگیرترین گۆڕانکاری لە مێژووی سیستەمی پەنابەریی خۆیدا ئەنجام دەدات، لە چوارچێوەی سیستەمە نوێیەکەدا کە بە گیاس ناسراوە، یاساکانی کۆچبەری بەتەواوی دەگۆڕێن و بڕیارە لە ماوەی 2 ساڵی داهاتوودا سیستەمی پەنابەری لە ئەوروپا سیمایەکی زۆر جیاواز و توندتر بەخۆیەوە ببینێت.

یاساکانی کۆچبەری و پەنابەری لە کیشوەری ئەوروپا پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێوە و ڕێکارەکانی پێشوازیکردن و وەرگرتنی کۆچبەران بەشێوەیەکی بنەڕەتی دەگۆڕدرێن، ئەم ڕیفۆرمە نوێیە چەندین خاڵی گرنگ لەخۆدەگرێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر پرۆسەی گەیشتن و نیشتەجێبوونی پەناخوازان دەبێت.

بەپێی سیستەمە نوێیەکە، هەر کەسێک بەبێ بەڵگەنامەی فەرمی بپەڕێتەوە ناو خاکی یەکێتیی ئەوروپاوە، دەستبەجێ لەسەر سنوورەکان دەستبەسەر دەکرێت و پرۆسەی تۆمارکردن و پشکنینی بۆ ئەنجام دەدرێت، ئەم پرۆسەی پشکنین و کۆنترۆڵکردنە لەوپەڕی حاڵەتدا تەنها 7 ڕۆژ دەخایەنێت و یەکلایی دەکرێتەوە.

هەروەها بۆ بەشێک لە کۆچبەران، پرۆسەی مامەڵەی پەنابەری و بڕیاردان لەسەر کەیسەکانیان هەر لەسەر سنوورەکان ئەنجام دەدرێت، ئەم هەنگاوە بووەتە جێگەی مشتومڕێکی زۆر، لە کاتێکدا لایەنگرانی پرۆژەکە پێیان وایە ئەمە ستانداردێکی باشتر و خێراتر دابین دەکات بۆ بونیادنانی ئەوروپا، ڕەخنەگران مەترسیی ئەوەیان هەیە کە بەهۆی خێرایی پرۆسەکەوە مافەکانی مرۆڤ پێشێل بکرێن.

لە لایەکی دیکەوە، دابەشکردنی ئەرکەکان لە نێوان وڵاتانی ئەوروپادا گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەو وڵاتانەی ژمارەیەکی زۆر پەنابەر وەردەگرن، بارگرانییان لەسەر سووکتر دەکرێت، لە بەرامبەردا وڵاتانی دیکەی ئەندام سەرپشک دەکرێن لە نێوان وەرگرتنی پەنابەران یان پێشکەشکردنی هاوکاریی دارایی لەبری وەرگرتنیان.

یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییە دیارەکانی ئەم سیستەمە، فراوانکردنی بنکەی داتا دیجیتاڵییەکانە، لەمەودوا پەنجەمۆری منداڵانی تەمەن 6 ساڵ و بەرەو سەرەوەش لە سیستەمی ئەوروپادا تۆمار دەکرێت بۆ چاودێریکردنی وردتر، هاوکات کۆنترۆڵکردنی ناسنامەکان زۆر توندتر دەکرێت، ئەمەش بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پێشکەشکردنی داواکاریی پەنابەریی دووبارە لە لایەن هەمان کەسەوە لە فەرمانگە و وڵاتە جیاوازەکاندا.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت لە دوای قەیرانی کۆچبەرانەوە، یەکێتیی ئەوروپا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی پەناخوازان بووەتەوە، ئەم دۆخە بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا لەسەر چۆنیەتیی دابەشکردنی بارگرانییەکان و پاراستنی سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتییەکە، پاش ساڵانێک لە گفتوگۆ و دانوستان، پەرلەمان و ئەنجوومەنی ئەوروپا گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ڕیفۆرمی سیستەمی پەنابەریی هاوبەشی ئەوروپی کە ئامانج لێی دروستکردنی سیستەمێکی یەکگرتووە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆچبەریی نایاسایی و خێراکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی کە مەرجەکانی مانەوە نایانگرێتەوە.

کارزان حەیدەر

[email protected]

___

یاریەکانی خولە ناوخۆیەکانی ئەوروپا

Harmn

بەریتانیا: شاندێکی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سەردانی ناوەندی لەندەن دەکەن

Harmn

کۆنفدراسیۆن و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بەشداری چلەی ماتەمینی عەلی قازیان کرد

Harmn