KDC

ماڵپەڕی لێسانسیال بە گرنگییەوە باس لە مەراسیمی ڕێزگرتن لە قوربانیانی جێنۆسایدی ئێزدییەکان دەکات

ماڵپەڕی (L’essentiel) کە بایەخ بە هەواڵە گرنگەکانی لوکسمبۆرگ و جیهان دەدات، لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا وردەکاریی مەراسیمێکی شکۆداری بڵاوکردووەتەوە کە بۆ یادکردنەوەی قوربانیان و ڕزگاربووانی جێنۆسایدی کوردانی ئێزدی ڕێکخرابوو. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەم ماڵپەڕە، مەراسیمەکە لە دوێنێ سێشەممە 28ـی تەممووزی 2026 لە پایتەختی لوکسمبۆرگ بەڕێوەچوو، وەک وەفایەک بۆ ئەو مرۆڤانەی لە ئابی ساڵی 2014 بوونە قوربانیی دڕندەیی تیرۆریستانی داعش.

وەک لە هەواڵەکەی ماڵپەڕی (L’essentiel)دا هاتووە، ئەم چالاکییە لەلایەن ناوەندی ڕەوەندی کوردی لە لوکسمبۆرگ و ڕێکخراوی (CID Fraen an Gender) و بە پاڵپشتیی وەزارەتەکانی یەکسانی و ڕۆشنبیریی ئەو وڵاتە ئەنجام دراوە، ئامانج لێی دروستکردنی کەشێکی پڕ لە هاوسۆزی بووە بۆ گەلی کوردی ئێزدی، بەتایبەت ئەو ژن و منداڵانەی کە ڕووبەڕووی تاوانی وەک کوشتن، ڕفاندن و کۆیلایەتی بوونەتەوە.

یەکێک لەو خاڵە سەرنجڕاکێشانەی ماڵپەڕەکە ئاماژەی پێ کردووە، ئامادەبوونی ژنێکی ڕزگاربووی کۆمەڵکوژیی شنگال بووە لە مەراسیمەکەدا، ئەو ژنە کە ئێستا نیشتەجێی فەرەنسایە، بە گێڕانەوەی چیرۆکی تاڵ و پڕ لە ئازاری خۆی، کە تێیدا هاوسەرەکەی لەدەستداوە، ئامادەبووانی هەژاند، ماڵپەڕەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم شایەتحاڵییە زیندووانە، قەبارەی کارەساتە مرۆییەکان و خۆڕاگریی ڕزگاربووانمان بیر دەخەنەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا، ماڵپەڕی (L’essentiel) زانیاریی پاشخانی دەربارەی ئەم بابەتە خستووەتە ڕوو و ئاماژەی بەوە کردووە، جێنۆسایدی ئێزدییەکان هەوڵێکی ڕێکخراوی داعش بووە بۆ لەناوبردنی ئەم پێکهاتە کوردییە، هەروەها ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە پەرلەمانی لوکسمبۆرگ لە تشرینی دووەمی ساڵی 2022 بە کۆدەنگیی هەموو ئەندامانی، ئەم تاوانانەی بە جێنۆساید ناساندووە، ئەمەش دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین وڵاتی دیکە هەمان هەڵوێستیان هەبووە.

بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە لەلایەن ماڵپەڕی (L’essentiel)ەوە، گرنگیی دۆزی کوردانی ئێزدی لە ئاستی نێودەوڵەتی و بایەخی بەردەوامی وڵاتی لوکسمبۆرگ بە پرسی دادپەروەری و مافی مرۆڤ نیشان دەدات.

 

___

کۆنفدراسیۆن پرسی ڕۆژئاوا دەباتە سەر مێزی وڵاتان

Harmn

شفا بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی خوالێی خۆشبێت پارێزەر عوسمان بەهلەوی دەکات

Karzan

دەزگای نێودوڵەتی پێشمەرگە بۆکاری مرۆیی لە وڵاتی بەریتانیا بە بۆنەی ٨ی مارس پەیامێک بڵاودەکاتەوە 

KDC