لە هەموو شوێنێکی جیهاندا، کاتێک باس لە تاراوگە دەکرێت، زۆرجار تاكی نەتەوەکان دوور دەبنەوە لە خاک و زمان و کولتووری خۆیان و بە شێوەیەک لە شێوەکان تێکەڵ بە کولتووری وڵاتی خانەخوێ دەبن.
کوردی تاراوگە جیاوازن، ئەوان لە هەر شوێنێک بن هەستێکی بەهێز و پەیوەندییان بە زمان، ئاڵا، کولتوور و ناوی کوردستانەوە هەیە، هەستێک لە ناخیاندا وەک ناسنامەیەکی پیرۆز و پڕ لە شکۆ ماوەتەوە. کوردی تاراوگە تەنیا تاك و گرووپێک نیین لەدەرەوەی کوردستان بژین، بەڵکوو زۆرینەیان مرۆڤگەلێکن کە هەموو ڕۆژێک هەوڵی پاراستنی ڕەگوڕیشەی خۆیان دەدەن. ئەمەش بە ڕوونی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا دەردەکەوێت.
لە زۆر خێزانی کورددا لە ئەورووپا و ئەمەریکا و ئوسترالیا و… هتد، دایک و باوکان هەوڵ دەدەن منداڵەکانیان فێری زمانی کوردی بن، بۆ ئەوەی لە زمانی دایکیان بێبەش نەبن و ئاسیمێل نەکرێن، هەرچەندە لە هەندێک وڵاتی ئەورووپا کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای توند هەن بەرامبەر پەروەردەکردنی منداڵ کە کاریگەریی نەگەتیفی هەیە لەسەر رەفتار و کرداریان، بە پلەی یەکەم لەسەر زمان، لەبەرامبەر ئەوەشدا سەدان ناوەندی خوێندن کراونەتەوە، چ بە شێوازی ئۆنلاین یان بە شێوازی فیزیکی، بۆ فێربوونی زمانی کوردی.
لە هەندێ لە وڵاتانی ئەورووپا، خۆشبەختانە ڕێگە دراوە بەفەرمی لە قوتابخانەی دەوڵەت فێری زمانی کوردی بکرێن، بەڵام لە هەندێک وڵاتی دیكەی ئەورووپا ئەو هەلەیان بۆ نەڕەخساوە، هەر بۆیە ڕێکخراوەکان خۆیان بوونەتە قوتابخانە، بۆ فێركردنی زمانی دایک، بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو لە زمان و مێژوو و ناسنامەی نەتەوەییان دوور نەکەونەوە.
لەم چەند ساڵەی دواییدا لە دیاسپۆرا زیاتر هەست بەوە دەکەیت کە کورد و کوردستانییان لە هەر بۆنە و ئاهەنگێکدا بە جلوبەرگی کوردی، گۆرانیی کوردی و هەڵپەڕکێی کوردی دەبنە بەشێکی سەرەکی لە خۆشییەکان. خواردنی کوردی لەسەر خوان دادەنرێت و منداڵەکان فێری دابونەریت و شێوازی کوردی دەکرێن، بۆ مانەوە و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیەک کە زەمەنێکی دوورودرێژە هەوڵی لەناوبردنی زمانەکەی دەدرێت.
نموونە زۆرە کە باس لە هێشتنەوەی ئەو ناسنامەی کوردبوونە بکەین، گەنجەکانمان لە زۆر بواردا بوونەتە هێزێکی نەرمی بەهێز لە دیاسپۆرا، چ لە بواری وەرزشی، هونەری، یاخود کارگێڕی و ئەندازیاری و پزیشکی و مامۆستایی و یاسایی و سیاسەتدا و لە هەموو جومگەکانی کارکردندا تێکەڵی كۆمەڵگاكانی دیكە بوونە.
زۆرجار کاتێک وەرزشوانێکی کورد سەرکەوتنێک بەدەست دەهێنێت، یەکەم شت کە بەرزی دەكاتەوە جامەكە نییە، بەڵكوو ئاڵای پیرۆزی کوردستانە، ئەوسا تێدەگەی ئەو سەرکەوتنەی بەدەستی هێناوە تەنیا ناسناوێك نییە و بڕە پارەیەک نییە، بەڵکوو پیشاندانی توانا و لێهاتوویی هەر کوردێک لە هەر بوارێك و لە هەر داهێنان و دەسكەوتێكدا پەیامێکە بۆ جیهان و پێیاندەڵێت من ڕۆڵەی نەتەوەیەكی زیندووی فەرامۆشكراوم، بەڵام ئەوەتا بوونی خۆم دەسەلمێنم و شانازییش بە ناسنامەکەم و زیندووهێشتنەوەی دەکەم.
نامۆ فازڵ، نموونەیەکی دیار و بەرجەستەیە، دوای ئەوەی لە ئەمەریکا یارییەکەی بردەوە، بە شەڕواڵ و ئاڵای کوردستانەوە چووە سەر سەكۆ و بە زمانی ئامادەبوانەوە (ئینگلیزی) پەیامی دا، بەڵام بە پۆشاك و ئاڵاکەیەوە گوتی: “من کوردم و كوردستانیم”، بۆیە ئەو وێنەیە بۆ کوردی کوردستانپەروەر هەر جێی شانازی نەبوو، بەڵکوو نیشانە و ئاماژەیەك بوو کە کورد لە هەر شوێنێک بێت، ناسنامەکەی لەگەڵ خۆیەتی.
یەكێكی دیكە لارا دزەیی بوو، کاتێک لە فێستیڤاڵی کان بە پۆشاكی کوردی بەسەر فەرشی سووردا ڕۆیشت، ئەوە تەنیا دیزاینێکی جوانی پۆشاكی کوردی نەبوو، بەڵکوو ناساندنی کولتوور و جوانپۆشینی بەرگێک بوو کە زیاتر لە شەست ملیۆن كەس دەیپۆشێت، تا چاوی جیهان لە ڕێی ئەو پۆشاكەوە بیناسێتەوە و بزانێت كە ئەو كێیە و سەر بە كام كولتوور و كەلەپوورە.
بەڵام ئەرکی کورد و کوردستانییان زۆر قورسە و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕاستڕەوەکان و دەنگی دژ بە پەنابەران لە ئەورووپا و ئەمەریکا زیاتر و بەهێزتر دەبێت. ئیدی کورد لەناو ژینگەیەکی جیاوازدا دەژی، ئەركە لەسەری و دەبێ خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت، بەڵام ناسنامەی خۆیشی لەناویاندا بپارێزێت.
ئەم ئەرکە لە چەند ڕوویەکەوە گرنگە، لە هەمان کاتیشدا قورسە، زمانی کوردی بۆ کوردی تاراوگە تەنیا ئامرازی ئاخاوتن نییە، بەڵکوو بەشێکە لە مانەوە و كێبركێ بۆ زیاتر ناسینی وەك یەكەیەكی سەربەخۆی ناو ئەو پێكهاتە مرۆیی و نەتەوەییەی تێكەڵاویان بووە.
لەم ڕوانگەیەوە زۆربەی خێزانی كورد هەوڵ دەدەن منداڵەکانیان لە ماڵ بە کوردی بئاخڤن و فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانیشی بن، ئەوان دەزانن ئەگەر زمان بزر بێت، جەوهەری ناسنامەكەیان لەدەست دەچێت.
ئەوە ڕاستە لە زۆربەی وڵاتە ئەورووپی و خۆرئاواییەکان ئازادییەکی بێسنوور هەیە و مرۆڤ ئازادە لە شێوازی ژیان، بیروڕا، جلوبەرگ، پەیوەندی و بڕیاردان بۆ ژیانی خۆی. ئەم ئازادییەش زۆرجار بووەتە هۆی ئەوەی نەوەی ئەم ڕۆژگارە زیاتر تێکەڵ بە کولتووری وڵاتی ئامێز ببن، بۆیە ئەرکی خێزان و کۆمەڵگای کوردی قورستر بووە لەوەی هاوسەنگییەك لەونێوەدا دروست بکەن، واتە منداڵەکان لەگەڵ ئازادی و ژیانی نوێدا بگونجێن و ڕەسەنزادەیی نەتەوەییشیان فەرامۆش نەكەن، لەم نێوەدا ئەوا خێزانەکان باجی قورسی بڕیاردان دەدەن، چونكە بڕیار هەر لای دایک و باوکان نییە، بەڵكوو لای ڕۆڵە تازە پیگەیشتووەكانیشیانە،
هەربۆیە ژیان لەنێوان دوو جیهانی تا ئاستێك جیاواز ئاسان نییە، جیهانی کولتوور و ژیانی نوێ، لەگەڵ جیهانی ڕەگوڕیشەی رەسەنایەتی و ناسنامەی نەتەوەیی، بۆیە هەوڵ دەدەن دەست بە هەردووکیانەوە بگرن و بیانپارێزن. ئەوەش وای کردووە ژیان لە تاراوگە ببێتە فاکتەرێکی بەهێزی پارێزەری زمان و فەرهەنگ بۆ کوردی تاراوگە.
هەرمن ئەحمەد
سەرنووسەری گۆڤاری رەوەند
